وەزارەتی کارەبای فیدراڵ: هەناردەکردنی غازی ئێران بەتەواوی ڕاگیرا
وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی بارودۆخێکی لەناکاوەوە هەناردەکردنی غازی ئێرانی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەتەواوی وەستاوە.
ئەم بڕیارە بووەتە هۆی لەدەستدانی 4000 بۆ 4500 مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی وزە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان دروست کردووە.
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لایەنی ئێرانی لە ڕێگەی بروسکەیەکی فەرمییەوە وەزارەتەکەیانی ئاگادار کردووەتەوە کە، بەهۆی بارودۆخێکی کتوپڕەوە هەناردەکردنی غاز بەتەواوی ڕادەگرن.
ئەم دۆخە وای کردووە بەشێک لە یەکە بەرهەمهێنەرەکان لەکار بکەون و بەشێکی دیکەشیان توانای بەرهەمهێنانیان سنووردار بکرێت، کە دەرەنجامەکەی کەمبوونەوەی بڕی کارەبای بەردەستە لە تۆڕی نیشتمانیدا.
وەزارەتی کارەبا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەنگژەیە و تا کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی غاز، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت دەستی کردووە بە بەکارهێنانی سووتەمەنی جێگرەوەی ناوخۆیی بۆ کارپێکردنی وێستگەکان.
ئەم هەنگاوە وەک ڕێکارێکی خێرا گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی وزە بەردەوام بێت و کاریگەرییەکان لەسەر هاووڵاتییان کەم بکرێنەوە.
سەرەڕای ئەو کورتهێنانەی بەهۆی نەدانی غازەوە دروست بووە، وەزارەتی کارەبا جەخت دەکاتەوە کە دۆخی بەرهەمهێنان لەژێر کۆنترۆڵدایە و وێستگەکان بەردەوامن لە کارکردن،پێشتر وەزارەت لە ڕێگەی پلانی نۆژەنکردنەوە، چاکسازی و فراوانکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان، ئامادەکاری تەواوی بۆ وەرزی زستان و کاتی لوتکەی بەکارهێنان کردبوو، لە ئێستاشدا هەوڵەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوت چڕ کراونەتەوە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی پێویست و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی ڕاوەستانی غازی هاوردەکراوەوە دروست بووە.
