هەوڵەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆک وەزیرانی عێراق چڕ دەکرێنەوە
لە ململانێیەکی نوێدا بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی، هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سودانی، دەسپێشخەرییەکی سیاسیی هەمەلایەنی بۆ یەکلاییکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕاگەیاند.
سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕۆژنامەی "العربی الجدید" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە دا، ناکۆکییەکان لە نێوان هێزەکانی هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار لە عێراق "چوارچێوەی هەماهەنگی"، سەبارەت بە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ و تەواوی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو هێشتا بەردەوامن، ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر خێرایی گفتوگۆکان و داهاتووی شایستە دەستوورییەکان.
بە پێی ڕۆژنامەکە لە نوێترین پێشهاتدا، شەوی دووشەممەی ڕابردوو دەسپێشخەرییەکی نوێ لەلایەن هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی خرایە ڕوو، وەک هەوڵێک بۆ کردنەوەی دەرچەیەک بۆ گفتوگۆ لە نێوان هێزە جیاوازەکاندا. دەسپێشخەرییەکە، وەک ڕاگەیەندراوە؛ بە ئامانجی شکاندنی بنبەستەکە و خێراکردنی پرۆسەی ڕێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە کاتە دەستوورییەکان و ڕێزگرتن لە ئەنجامەکانی پرۆسەی سیاسی.
دەسپێشخەرییەکەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە جەخت لە کۆمەڵێک پێوەری بنەڕەتی دەکاتەوە بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە گرنگترینیان بریتین لە:
شەرعییەتی جەماوەری: کاندیدەکە دەبێت ڕەنگدانەوەی ئیرادەی دەنگدەران بێت و خاوەن متمانەی جەماوەری بێت.
لێهاتوویی: هەبوونی ئەزموونێکی سەرکەوتوو لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
بەرنامەی واقیعی: داڕشتنی دیدگەیەکی گشتگیر کە لەگەڵ ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکانی قۆناغی ئێستادا بگونجێت.
کۆدەنگیی سیاسی: کاندیدەکە پێویستە قبووڵکراوی نیشتمانی بێت و بە فەرمی لە لایەن یەکێک لە جەمسەرەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە کاندید کرابێت.
هەروەها بە پێی دەسپێشخەرییەکە، لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی گشتگیر (تەوافوق)، پەنا بۆ میکانیزمی "سەنگی هەڵبژاردن"(الأوزان الانتخابية)، لە ناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا ببرێت وەک بژاردەیەکی جێگرەوە.
لای خۆیەوە خالید وەلید، ئەندامی هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند: کە ئامانجی سەرەکیی ئەم دەستپێشخەرییە پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ڕێگرییە لە درێژبوونەوەی بۆشایی دەسەڵات.
خالید وەلید ئاشکرای کرد، کە دەسپێشخەرییەکە بە ئاراستەی نوێکردنەوەی متمانەیە بە محەممەد شیاع سوودانی بۆ ویلایەتی دووەم سەرۆکایەتیی ئەنجوومەی وەزیران، ئەمەش بە پشتبەستن بە دەستکەوتەکانی حکوومەتی ئێستا لە بوارەکانی خزمەتگوزاری، ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیریی ئەمنیدا.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لایەنەکانی دیکەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، لەوانە ڕێکخراوی بەدر، جەخت لەسەر پابەندبوون بە پێوەرە نیشتمانییەکان دەکاتەوە. مەحموود حەیانی، ئەندامی ڕێکخراوەکە، گوتی: کە ئەوان پێشوازی لە هەر هەوڵێکی نیشتمانی دەکەن کە ببێتە هۆی لێکنزیکبوونەوەی دیدگەکان، بە مەرجێک پارێزگاری لە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و بەرژەوەندیی باڵای وڵات بکات.
چاودێران و توێژەرانی سیاسی پێیان وایە قەیرانەکە تەنیا لە نێو "ماڵی شیعە"دا کورت نابێتەوە. لەم بارەیەوە ئەحمەد مەییاحی، توێژەری سیاسی، ئاماژە بەوە کرد، کە بنبەستەکە ڕەهەندێکی نیشتمانیی هەیە؛ چونکە هێزە سوننەکان هێشتا لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ڕێکنەکەوتوون، و لایەنە کوردییەکانیش لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار خاوەن دیدگەی جیاوازن. ئەم فرە ڕەهەندییەی ناکۆکییەکان، تەواوی پرۆسەی سیاسیی بەرەو لێواری پێشێلکاریی دەستووری بردووە.
بە گوێرەی دەستوور، عێراق لەبەردەم خشتەیەکی کاتیی چڕدایە:
-هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە ماوەی 15 ڕۆژدا.
-هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ماوەی 30 ڕۆژدا.
-ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە ماوەی 15 ڕۆژدا دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
لە سایەی ئەم پێشهاتانەدا، چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر کۆدەنگییەکی خێرا نەیێتە ئاراوە، پێکهێنانی حکوومەتی نوێ تا کۆتایی مانگی شوباتی داهاتوو دوا بکەوێت، ئەمەش جارێکی تر پرسی پابەندبوون بە کاتە دەستوورییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
