سبەی نزیکەی دوو هەزار پارچە زەوی دابەشدەکرێت
شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند: قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکاتەوە و تاوەکوو ئێستا 29 هەزار فەرمانبەر سوودمەندبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سبەی تیروپشک بۆ دابەشکردنی نزیکەی دوو هەزار پارچە زەوی لە سنووری سەرۆکایەتی شارەونی هەولێر دەکرێت.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتیشی: زەویەکان بە گوێرەی ئەو ماستەر پلانەی دیاریکراوە لە نزیک گوندی جێژنکان بە فەرمانبەران دەدرێن و پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت تاوەکوو سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی ناویان گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی پێیان دەدرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، تاوەکوو ئێستا پێنج قۆناغی دابەشکردنی زەوی بەڕێوەچووە و 29 هەزار فەرمانبەر سوودمەندبوونە و 49 هەزار دیکە ماون تیروپشک بۆ ناوەکانیان بکرێت.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.
