نەخۆشخانەی ڕزگاری فێرکاری ڕێنمایی نوێ بۆ هاوەڵی نەخۆشەکان دەردەکات
بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ڕزگاری فێرکاری لە ئاگادارییەکدا داوا لە هاووڵاتیان دەکات، پابەندی ڕێنماییە نوێیەکانی مانەوە بن و ڕایدەگەیەنێت: بۆ هەر نەخۆشێک تەنیا ڕێگە بە یەک هاوەڵ دەدرێت لە ژوورەکانی مانەوەدا بمێنێتەوە و زیاتر لەو ژمارەیە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەشی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەکە، ئەم بڕیارە سەرجەم نهۆم و ژوورەکانی مانەوەی نەخۆش دەگرێتەوە. بۆ ڕێکخستنی ئەم پرۆسەیەش، باجێکی تایبەت بە هاوەڵی نەخۆش دەدرێت، تاوەکو کارمەندانی بەشی پرسگە لە نهۆمەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی زێڕەڤانی بتوانن بە ئاسانی هاوەڵەکان بناسنەوە و ڕێگری لە قەرەباڵغی بکەن.
نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم هەنگاوە لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی نەخۆشەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاوترە بۆ چاکبوونەوەیان، هاوکات داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت هاوکاری پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بن، چونکە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی دەبێتە هۆی ئەوەی تیمە پزیشکییەکان بە شێوەیەکی زانستیتر و باشتر خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە نەخۆشەکان بکەن.
