بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان هەڕەشە لە ڕێککەوتنی نێوان شەرع و عەبدی دەکات
سیهانوک دیبۆ، بەرپرسی بەڕێوبەریی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند: بەردەوامیی گرژییەکانی گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب، مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ڕێککەوتننامەی 10ی مارسی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوامن و ئەمەریکاش جەخت لەسەر پاراستنی ئارامی و ڕێگریکردن لە هەر پێکدادانێکی سەربازی لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێکدادانی چەکداری لەنێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕووی دا.
بەپێی ئامارە پزیشکییەکان، بەهۆی تۆپبارانەکانەوە چوار هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و دەیان خێزانیش لە ترسی چڕبوونەوەی شەڕەکە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە،هەرچەندە ئێستا هێمنی لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام هەردوولا یەکتری بە دەستپێشخەری بۆ گرژییەکان و پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکان تۆمەتبار دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاماژە بەوە دەکات، هەسەدە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ی مارس سستە و دەیەوێت پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوبەریی خۆسەر لەناو دامەزراوە نیشتمانییەکانی دەوڵەتدا دوا بخات، ئەم ئاڵۆزییە مەیدانییانە لە کاتێکدایە کە بڕیار بوو تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان یەک بخرێنەوە، بەڵام جیاوازیی دیدگای سیاسی و پێکدادانە کاتییەکان جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان ڕووبەڕووی ئاستەنگ کردووەتەوە.
