هێمن حوسێن بۆ کوردستان24: "گوڵچنین" دیاری سەری ساڵی منە بۆ گوێگرە ئازیزەکانم

هونەرمەندی گۆرانیبێژ هێمن حوسێن، بەرهەمێکی نوێی بەشێوەی دوێت لەگەڵ هونەرمەند ماهیر ئەمین بەناوی "گوڵچنین" بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت: "گوڵچنین" دیاری سەری ساڵی منە بۆ گوێگرە ئازیزەکانم.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2025، هونەرمەندی گۆرانیبێژ هێمن حوسێن، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: بەرهەمی "گوڵچنین" ئاواز و تێکستەکەی فۆلکلۆرە، خۆم کاری دابەشکردنی میوزیکەکەم بۆ کردووە، دەروون قەرەداغی کاری ڤیدیۆ کلیپی بەرهەمەکەی کردووە، دیار دلاوەر وەکو ئەندازیاری دەنگ کاری لەسەر بەرهەمە کردووە و بەرهەمەکەش لەشاری سلێمانی وێنە گیراوە.

هونەرمەند هێمن حوسێن، باس لە بیرۆکەی ئەو بەرهەمە نوێیەی دەکات و دەڵێت: من بیرۆکەی ئەو بەرهەمەم دانا، من و کاک ماهیر سەردەمێکی زۆرە هاوڕێی یەکدین و کاری زۆرمان بەیەکەوە کردووە و زۆربەی گۆرانییەکانی ئەو من دابەشکردنی میوزیکەکەم بۆ کردووە، ماهیر یەکێکە لەو هاوڕێ ئەزیزانەی کە زۆرم خۆشدەوێت و هونەرمەندێکی زۆرباشە. من بە کاک ماهیرم گوت ئێمە کاری میوزیکمان زۆر کردووە بەیەکەوە، با ئەمجارە کارێکی دوێت بکەین بەیەکەوە، ئەویش بیرۆکەکەی پێ باش بوو، ئێمەش بەدوای بەرهەمە فۆلکلۆرییەکان دەگەڕاین و هەوڵمان دا ئەو گۆرانییانە هەڵبژێرین کە کەم گوتراوەتەوە و گوێگری ئێستا کەمتر گوێی لەو گۆرانیانە ڕاگرتووە.

دەربارەی ئەوەی ئەو بەرهەمە تا چەند دەنگدانەوەی دەبێت لەناو خەڵکدا، هێمن حوسێن گوتی: هەموو بەرهەمێکی جوان، کە هەوڵ وماندووبوونت بۆی دابێت، لە ڕووی هەڵبژاردنی تێکست و میوزیک، پێم وایە ئەوە دەبێتە بەرهەمێکی چاک و بە ڕەسەنایەتی دەمێنێتەوە، ئەگەر بێینە سەر بەرهەمە فۆلکلۆرییەکان، ئێمە سۆزمان بەرهەمی ڕابردوو زۆرە، چونکە کۆمەڵێک هونەرمەندی مەزن و باشمان هەبوو کە کاری زۆرباشیان کرد، تەنیا بیریان لەباشی بەرهەمەکەیان کردۆتەوە و بیریان لای بەدەستهێنانی پارە نەبووە، بۆیە بەرهەمەکانیان لەناو خەڵکیدا ئێستاش دەگوترێتەوە و هەر ماوە.

هێمن حوسێن باس لەوە دەکات کە بۆچی بەرهەمی کەمە و دەڵێت: لەهەموو سەردەمێک کەسانێک هەیە دێنە پێشەوە و بەرهەمی باش درووست دەکەن، کەسانێکیش هەیە وەکو پێویست کارەکانیان زۆرباش نییە، کە ئێمە گوێ لە عەلی مەردان و تایەر تۆفیق و حەسەن زیرەک دەگرین و بەرهەمی زۆرباشیان هەبووە، بەڵام هەر لەسەردەمی ئەوانیشدا هونەرمەند هەبووە بەرهەمەکانی وەکو پێویست نەبووە. لەسەردەمی ئێستاشدا دەنگی باش هەیە، دەنگیش هەیە وەکو پێویست نییە، بۆیە ئێمە ناتوانین هەموو سەردەمەکان بۆخۆمان ببەین، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو بەرهەمەی کە تۆماری دەکەین باش بێت و بمێنێتەوە، من بۆخۆم وا بەباشی دەزانم کە گرنگ نییە هەموو کات لەسەر شاشە بم و دەرکەوم ئەگەر بەرهەمێکی باشم پێ نەبێت، ئەگەر بە بەرهەمێک بتوانم خزمەت بە کولتووری وڵاتەکەم بگەیەنم بە شانازییەوە تۆماری دەکەم، بەڵام ئەگەر نەتوانم بەرهەمێکی باش تۆمار بکەم، کەمتر دەربکەوم باشترە. 

هونەرمەند هێمن حوسێن، "گوڵچنین" دەکاتە دیاری سەری ساڵ بۆ گوێگرانی و دەڵێت: ئەو بەرهەمە نوێیەم دیاری منە بۆ ئەو جەماوەرە خۆشەویستەی وڵاتەکەم، هیوادارم بەدڵیان بێت، هەر سەرنج و تێبینییەکیشیان لەسەر بەرهەمەکەم هەبێت من پێی دڵخۆش دەبم، هیوادارم بەرهەمەکەم لەئاستی جوانی میللەتەکەم بێت، چونکە ئێستا کە بڵاوبۆتەوە بەرهەمی من نەماوە و ئێستا بەرهەمی ئەو جەماوەرە خۆشەویستەیه.

هونەرمەند هێمن حوسێن، لەڕێگەی کوردستان24ەوە پەیامێک بۆ گوێگرانی دەنێرێت و دەڵێت: من لەڕێگەیئەم کەناڵەوە ڕێز و سڵاوێکی یەکجار زۆرم هەیە بۆ بینەری بەرهەمەکانم، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە متمانەیان بە کارەکانم هەیە و گوێگری بەرهەمەکانی منن، هیوادارم لەئاستی ئەو جوانییە دابم، هیوادارم ئەوەی لەتوانام دابێت بە بەرهەمێک یان دوو بەرهەم لەساڵێکدا خزمەت بە بینەرەکانم بکەم، ئەوە ئەوپەڕی گەورەییە بۆمن، من کاتێک دڵم خۆشە کە بەرهەمەکەم لەناو وڵاتەکەی خۆمدا گوێگری هەبێت.

هونەرمەندی گۆرانیێژ هێمن حوسێن، خەڵکی شاری کەرکووکە، خاوەنی چەندین گۆرانی و بەرهەمی تۆمارکراوە، یەکەم گۆرانی لەساڵی 1984 تۆمارکردووە بەناوی "دایکی میهرەبان"

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل