زێلێنسکی: بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ چاوەڕوانی وەڵامی ڕووسیا دەکەین
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، هیوادارین ڕووسیا سەبارەت بە دوایین ڕەشنووسی پلانی کۆتایی هێنان بە جەنگ، کە لەلایەن ئەمەریکاوە پێشنیاز کراوە، وەڵاممان بداتەوە.
چوارشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لایەنی ئەمەریکی لەگەڵ ڕووسیا گفتوگۆیان کردووە لە بارەی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا، چاوەڕانی ئەوە دەکەین مۆسکۆ وەڵام بداتەوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا، ئاماژەی بەوەکردووە، دانوستانکارانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە کاتی دانوستانەکاندا کە ئامانجیان کۆتاییهێنان بە جەنگ بووە لەگەڵ ڕووسیا، نەیانتوانیوە لەسەر پرسە خاکییەکان بگەنە ڕێککەوتن، هاوکات داوا دەکات ئەم پرسانە لە سەر ئاستی سەرکردایەتی تاوتوێ بکرێن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس"، زێلێنسکی گوتویەتی "ئێمە لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی سەبارەت بە خاکی ناوچەی دۆنێتسک و وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا نەگەیشتووین بە ڕێککەوتن، ئاشکرای کردووە، لە ڕەشنووسی پلانی ئاشتیدا هاتووە کە واشنتن و کیێڤ و مۆسکۆ بە هاوبەشی وێستگەی ئەتۆمییەکە بەڕێوە دەبەن."
زێلێنسکی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتوویەتی: "ئێمە ئامادەین کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی ئەنجام بدەین بۆ چارەکردنی پرسە هەستیارەکان، لە بارەی بابەتەکانی وەک پرسی خاک و وێستگە ئەتۆمییەکان کە دەبێت لەسەر ئاستی سەرکردایەتی تاوتوێ بکرێن، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە ئایا ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە کۆبونەوەکە ئامادە دەبێت یاخوود نا؟ هەرچەندە زێلێنسکی ماوەیەکی زۆرە داوای کردووە لەگەڵ پوتن کۆببێتەوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەش کردووە "ڕەشنووسی پلانی ئاشتیی بەرەکانی جەنگی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز و کەم کردووەتەوە، ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ ئەگەری دروست بوونی ناوچەی داماڵێنراو لە چەک، هاوکات هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دەستپێکی ئاشتی تەواوەتی لە ناوچەکە."
زێلێنسکی، جەختی لەوەکردووەتەوە "دوای واژۆکردنی پلانی ئاشتی، کیێڤ هەڵبژاردن ئەنجام دەدات، هەروەها بە گوێرەی ڕەشنووسی پلانی ئاشتی، پێویست ناکات کیێڤ بە فەرمی دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ بوونە ئەندامی ناتۆ بێت."
لێدوانەکانی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
لە 21ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پلانێکی 20 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەنێوان هەردوو وڵات ڕاگەیاند.
لە 24ـی شوباتی ساڵی 2022 ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، ئەمەش نیگەرانی ئەمەریکا و ڵاتانی ئەورووپای لێ کەوتەوە و بڕیاریان دا بە ڕێگەی دارایی و سەربازییەوە هاوکاریی ئۆکرانیا بکەن.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 3 ساڵ، تاوەکوو ئێستا جەنگ بەردەوامە و بە هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون و بە دەیان هەزاری دیکەش بریندار بوونە.
