عەبادی: دەبێت هەموومان لە پێناو بەرژەوەندیی گەلی عێراقدا کار بکەین

فارس عیسا: ئێمە عێراقێکی سەقامگیرمان دەوێت، عێراقێک کە ڕێز لە مافی سەرجەم عێراقییەکان بگرێت.

شاندی پارتی لە بەغدا لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، سەردانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسری، لە دوای کۆبوونەکە، سەرۆکی نۆینەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی: دەبێت حکوومەتی داهاتووی عێراق، حکوومەتی هەمووان بێت و جیاوازیی لە نێوان پێکهاتەکاندا نەکات. 

چوارشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2025، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بۆ پێکهێنانی حکوومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، کێشەمان نییە، بەڵکوو ئەوە پرۆسەیەکی سیاسییە و دەبێ بەگوێرەی وادە دەستوورییەکان جێبەجێ بکرێت و هەمووان پابەندی بنەماکانی دەستوور بین. 

عەبادی، گوتیشی: هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆ دەبێتەوە و هیوادارین سەرۆک و دوو جێگرەکەی هەڵبژێردرێن. پاشان سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت. دوای ئەوە کوتلە براوەکانی هەڵبژاردن کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیران پێشکەش بە پەرلەمان بکەن. چونکە لەم هەڵبژاردنەدا، هیچ کوتلەیەک زۆرینەی یەکلاکەرەوەی بۆ پێکهێانی حکوومەت وەدەست نەهێناوە.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا عەبادی، بەرچاوترین کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق؟ سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، گوتی: من کاندیم، بەڵام ناتوانم بڵێم بەرچاوترینم.  ئامادەم بۆ وەئەستۆ گرتنی ئەو ئەرکە، چونکە لە ماوەی سەرۆک وەزیرانیی پێشوومدا بەرەنگاری دۆخی خراپتر لە ئێستا بوومەوە. وەک شەڕی داعش و هەرزانبوونی نرخی نەوت.

عەبادی گوتیشی: بێگومان وڵاتان کاریگەرییان لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق هەیە. چونکە جیهان بچووک بووەتەوە و بەرژەوەندییەکان زۆر تێکەڵ بوونە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەموومان لە پێناو بەرژەوەندیی گەلی عێراق کار بکەین.

فارس عیسا، سەرۆکی نۆینەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی پارتیش گوتی: ئێمەش هاوڕای بۆچوونەکانی حەیدەر عەبادین. دەبێت هەموو لایەک پابەندی دەستوور بن. ئێمە ڕا و بۆچوونی خۆمان بە ڕاشکاوی گەیاندە عەبادی.

گوتیشی: حکوومەتی نوێی عێراق، دەبێت حکوومەتی هەمووان بێت و جیاوازیی لە نێوان پێکهاتەکاندا نەکات. ئێمە عێراقێکی سەقامگیرمان دەوێت، عێراقێک کە ڕێز لە مافی سەرجەم عێراقییەکان بگرێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل