زستانی ئێران، عێراق تاریک دەکات

وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە بەهۆی بڕینی تەواوەتیی گازی ئێران، نزیکەی پێنج هەزار مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانیی عێراق، کەم بووەتەوە.

حەمید حوسێنی، ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران، ڕاگرتنی هەناردەی گاز بۆ عێراق بە کاتی و ئاسایی دەزانێت. ئەم ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی و ئەمینداری گشتیی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پێگەی 'ڕویداد24' گوتی: ڕاگرتنی هەناردەی گاز بۆ عێراق بەهۆی کەمبوونی بڕی گازە کە ئێستا ڕووبەڕووی بووینەتەوە و لە ساڵانی ڕابردووشدا پێشینەی هەبووە.

حوسێنی، گوتیشی: بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان، ئێمە دەبێت ساڵانە 20 ملیار مەتر سێجا گاز بۆ عێراق هەناردە بکەین. ئەم بڕە لە بەهار و هاویندا هەناردە دەکرێت و لە پاییز و زستاندا کەمی دەکەینەوە، هەندێک جار،  لە وەرزی  زستاندا ناچارین هەناردەکردنی گاز بە تەواوەتی ڕابگرین، چونکە بۆ پێداویستیی ناوخۆی خۆمان پێویستە.

قەیرانێکی قووڵ

حەمید حوسێنی، جەختی کردەوە لەوەی "دۆخی ئێستای هەناردەکردن چەندە لەژێر کاریگەریی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی نێوان ئێران و عێراقدا نییە؛ عێراق بۆ دابینکردنی چوار هەزار مێگاوات لە کارەباکەی، پشتی بەو گازە بەستووە کە لە ئێرانەوە هاوردەی دەکات."

ئەم  ئەندامەی ژووری بازرگانیی ئێران گوتیشی:عێراق لە دۆخی ئێمە گەیشتووە و دەزانێت کە بەهۆی کەمبوونی گازەوە ناچارین پەستان کەم بکەینەوە یان گازی پترۆکیمیاییەکان و کەرتی پیشەسازی ببڕین، بۆیە لەم کاتەدا توانای هەناردەکردنی گازمان نییە.

سەرەڕای جەختکردنەوەی حوسێنی لەسەر سیاسی نەبوونی ڕاگرتنی هەناردەی گاز، کاردانەوە فەرمییەکانی بەغدا نیشانی دەدەن کە پەیوەیستبوونی عێراق بە وزەی ئێران، زۆر لەوە قوڵترە کە بە ئاسانی تێپەڕێنرێت. وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاندووە کە بڕینی تەواوەتی گازی ئێران، نزیکەی پێنج هەزار مێگاوات توانای بەرهەمهێنانی کارەبای وڵاتەکەی  لەکار خستووە؛ بابەتێک کە خێرا بوو بە مانشێتی سەرەکیی میدیا عێراقی و عەرەبییەکان.

بەڕێوەبردنێکی ناکارا

ڕۆژنامەی 'زە ناشناڵ'ـی ئیماراتی لە ڕاپۆرتێکدا، ڕەگی قەیرانی کارەبای عێراق تەنیا لە بڕینی گازی ئێراندا نابینێت، بەڵکو دەیگەڕێنێتەوە بۆ ناسەقامگیریی سیاسی، گەندەڵیی سیستەمی بەڕێوەبردن، کەمیی وەبەرهێنان لە ژێرخانی وزە و سیستەمێکی ناکارای پاڵپشتی دارایی، سیستەمێک کە کارەبا بە نرخێکی زۆر هەرزان دەداتە هاووڵاتییان و ئەمەش توانای حکوومەتی بۆ پەرەپێدان و نوێکردنەوەی تۆڕەکە لەناوبردووە.

لە پاڵ ئەم هۆکارانەدا، عێراق سەرەڕای هەبوونی یەدەگێکی گەورەی گاز، هێشتا لە کۆنترۆڵکردنی ئەو گازانەی لەگەڵ نەوت دەردەچن (Gas Flaring) ناکام ماوەتەوە و بەشێکی زۆری ئەم سەرچاوانە دەسووتێنێت؛ بەهەدەرچوونێکی پڕتێچوو کە وابەستەیی ئەم وڵاتەی بۆ هاوردەکردنی گاز، زیاتر کردووە.

گرفتێکی هاوبەش و ژێرخانێکی وێران

ڕاگرتنی هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق، زیاتر لەوەی قەیرانێکی دیپلۆماسی بێت، نیشانەیەک بۆ بەیەکگەیشتنی دوو قەیرانی پێکهاتەییە: ناڕێکی بەرهەمهێنانی وزە لە ئێران و ناکارایی بەردەوامی کەرتی وزە لە عێراق. لەم نێوەندەدا، هەر جارێک کەمبوونی گاز لە ناوخۆی ئێران دەگاتە خاڵی قەیران، یەکەمین دەرەنجامەکانی لەو دیوی سنوورەکان و لە تۆڕی کارەبای عێراقدا دەردەکەون؛ کە خراپی و کۆنیی ژێرخانی ئەو پیشەسازییە هەستیارە، توانای خۆڕاگریی بەرانبەر قەیرانێکی کاتیشدا نییە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل