ساڤایا: هیوادارم جەژنی کریسمس ببێتە مایەی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق
نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا پیرۆزبایی جەژنی کریسمس و ساڵی نوێ ئاراستەی گەلی عێراق کرد.
مارک ساڤایا، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، بەبۆنەی جەژنی کریسمس و هاتنی ساڵی نوێی 2026ەوە، پیرۆزبایی و هاوسۆزی ئاراستەی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق کرد.
ساڤایا لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا بەرەو ساڵی 2026 هەنگاو دەنێین، پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو ڕۆڵەکانی گەلی عێراق دەکەم و پەیامی خۆشەویستی و پشتگیری بۆ هەر تاکێکی ئەم خاکە جوانە دەنێرم."
نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا ستایشی مێژوو و خۆڕاگری گەلی عێراقی کرد و گوتی: "عێراق تەنیا وڵاتێکی خاوەن مێژوویەکی دێرین نییە، بەڵکو نیشتمانی گەلێکی ئازا و بەهێزە. عێراقییەکان بە درێژایی هەزاران ساڵ پارێزگارییان لە نەریت و بیروباوەڕەکانیان کردووە و نیشانی جیهانیان داوە کە چۆن مرۆڤەکان دەتوانن بە ئاشتی پێکەوە بژین."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد؛ گەلی عێراق تەنانەت لە سەختترین کاتەکانیشدا جوامێری و میهرەبانییەکی بێوێنەیان نیشانداوە و وەک یەک خێزانی گەورە بە پێداگرییەوە ڕووبەڕووی تەحەدییەکان بوونەتەوە.
مارک ساڤایا هیوای خواست جەژنی کریسمس ببێتە مایەی ئارامی بۆ خێزانەکان و ئاشتی بۆ کۆمەڵگەکان، هەروەها ساڵی 2026 ببێتە ساڵی بەدیهاتنی هیوا، یەکڕیزی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی گەلی عێراق.

