سەرەتای ساڵ قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە جێبەجێ دەکرێت
چاوەڕێ دەکرێت سەرەتای ساڵی نوێ (2026) قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە جێبەجێ بکرێت.
میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویانکردووەتەوە، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی نێوەندگیری ئاگادارکردووەتەوە، قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە لە مانگی 1ـی ساڵی داهاتوو دەستپێدەکات.
ستیڤ ویتکۆف دووپاتی کردووەتەوە، بەرەوپێشچوونی بەرچاویان لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە بەدەستهێناوە.
بڕیار وایە لە ڕۆژانی داهاتوودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جارێکی دیکە کۆببنەوە.
بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ نیگەرانە لەوەی دۆناڵد ترەمپ گوشاریان لێبکات بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە؛ لە کاتێکدا هێشتا حەماس بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، چەکی دانەناوە.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ جێگیرکردنی ئاگربەستێکی گشتگیر لە غەززە چڕبوونەتەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا لە میامی، لەگەڵ قەتەر، میسر و تورکیا کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنی "دەستەی ئاشتی" لە غەززە وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی دووەم.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردووەتەوە، پرۆسەکە سەرکەوتوو نابێت بەبێ چەکداماڵینی حەماس. لە بەرانبەردا، ئیسرائیل نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی، حەماس ڕەنگە پرۆسەیەکی ڕووکەشیی چەکداماڵین ئەنجام بدات و زۆربەی چەکەکانی خۆی نەشارێتەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ حەماسی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە لەبەر ڕەتکردنەوەی چەکداماڵین.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی حەماس لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، ئیسرائیلیان بەوە تۆمەتبار کردووە، بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێکردنی قۆناغی دووەم.
ئاگربەستەکە لە 10ـی ئۆکتۆبەرەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە و هەردوولا یەکتری بە پێشێلکاری تۆمەتبار دەکەن.
