ئوردن قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەری لەسەر سنووری سووریا بۆردوومان کرد

دوو فڕۆکەی جەنگیی ئوردنی (ئەرشیف)
دوو فڕۆکەی جەنگیی ئوردنی (ئەرشیف)

سوپای ئوردن هێرشی سەربازیی بەرفراوانی دژی تۆڕەکانی قاچاخچێتی چەک و ماددەی هۆشبەر لەسەر سنوورەکانی باکووری شانشینی ئوردن ئەنجامدا و چەندین پێگەی ستراتیژیی ئەو گرووپانەی تێکشکاند.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵدەریی "پێترا"ی ئوردنی، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە ژمارەیەک کارگە و وەرشەیان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن گرووپە قاچاخچییەکانەوە وەک بنکەیەک بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان بەرەو ناو خاکی ئوردن بەکاردەهێنران. بەیاننامە سەربازییەکە جەختی کردووەتەوە، هێرشەکان لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان ئەنجامدراون.

لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی سووریا پشتڕاستیان کردەوە؛ هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئوردن، تۆڕەکانی قاچاخچێتی و کێڵگەکانی عەمبارکردنی ماددەی هۆشبەریان لە گوندەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی پارێزگای "ئەس-سوەیدا" کردووەتە ئامانج.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە ئوردن بەدەست پاراستنی سنوورە 375 کیلۆمەترییەکەی لەگەڵ سووریا گرفتارە. کاربەدەستانی عەممان دەڵێن؛ ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی بە شێوەیەکی "ڕێکخراو" ئەنجام دەدرێن و هەندێکجار درۆنیش بۆ گواستنەوەی ماددە قەدەغەکراوەکان بەکاردەهێنرێت.

دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە سووریا، دۆزینەوەی بڕێکی یەکجار زۆر لە حەبی "کاپتاگۆن" لە کۆگاکانی ئەو وڵاتەدا، نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئوردنی زیاتر کردووە. ئوردن کە میوانداری نزیکەی یەک ملیۆن و 600 هەزار پەنابەری سووری دەکات، ڕایگەیاندووە؛ ڕێگە نادات وڵاتەکەی ببێتە مەیدانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و بە توندی بەرپەرچی هەر هەوڵێکی تێکدەرانە دەدەنەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل