سیاسەتی نوێی ئەمەریکا بەرامبەر سووریا؛ هەڵگرتنی سزا و داواکارییەکان
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کە کۆتایی بە ڕژێمی ئەسەد لە سووریا هات، ئەمەریکا لە ئاستی ئیدارە و کۆنگرێس زۆربەی سزاکانیان لەسەر دیمەشق هەڵگرت و دەرفەت بە سوورییەکان دراوە وڵاتەکەیان بنیات بنێنەوە.
داواکاری ئەمەریکا لە حکوومەتی نوێی سووریا، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، زامنکردنی مافی پێکهاتەکان و ڕێزگرتنتە لە مافەکانی مرۆڤ. ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا داوا دەکەن چاودێری ڕەفتارەکانی حکوومەتی ئەحمەد شەرع بکرێت بۆئەوەی پابەندی داواکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت.
بۆ ئەوەی دەرفەتی بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان پێ بدرێت، ئیدارەی واشنتن سزاکانی سەر دیمەشق و لە کۆنگرێسیش سزا قورسەکانی قەیسەری لەسەر سووریا لابرد. هەموو ئەو گۆڕانکارییانە لەماوەی ساڵێکدا لەدوای کۆتاییهاتنی ڕژێمی ئەسەد ڕوویان دا.
هەرچەندە پێناچێت نە بە ڕوواڵەت نە بە ناوەڕۆک، ئەمەریکا متمانەی زۆری بە حکوومەتی ئەحمەد شەرع هەبێت، کە سەردەمانێک خۆی و ژمارەیەک لەو سەرکردانەی ئێستا لە دیمەشق دەسەڵاتدارن، لەلایەن ئەمەریکاوە بە یاسای تیرۆر داواکراو بوون. بەڵام بە ئاوڕدانەوە بۆ مێژووی سەدەیەکی سووریا، ڕەنگە حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع نزیکترینی ئەمەریکا بێت.
تۆماس میلەر مککلینتۆک، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ پێویستە بە وریاییەوە لەبارەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا بڕوانین، بەڵام تاوەکو ئێستا ئیدارەکەمان ڕازییە کە حکوومەتی سووریا خۆی بەدوور دەگرێت لە ئێران و ڕژێمی ئەسەد. هیچ حکوومەتێک بێ کەم و کورتی نییە، بەڵام پێم وایە حکوومەتی سووریا بە ئاراستە دروستەکە هەنگاو دەنێت.
لۆرا فریدمان، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێت: "سووریا ماوەیەکی زۆرە ناسەقامگیرە، بەڵام من ئوومێدەوارم سەقامگیری بۆ بگەڕێتەوە و ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی بۆئەوەی خەڵکەکەی بتوانن بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بەسەلامەتی بژن."
13ی ئەم مانگە دوو سەربازیی ئەمەریکا لە بۆسەیەکی داعش لە سووریا گیانیان لەدەستدا. ئەمە و گرژییەکان و ناتەبایی نێوان پێکهاتەکانی سووریا لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیش، خاڵی بەهێزن کە لە ئەمەریکا گومان لەسەر متمانە بە حکوومەتی ئەحمەد شەرع هەبێت.
وێسڵی کلارک، جەنەڕاڵی خانەنشین لە سووپای ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا؛ "سووریا هێشتا کێشەی نێوخۆیی هەیە. دەبێت بزانین هەموو ئەو کێشانە چۆن چارەسەر دەکرێن. لە سووریا گرووپی جیا جیا هەن، هەر وەک لەو هێرشەی سەر سەربازەکانمانمان بینی. بەڕاستی حکوومەتی نوێی سووریا کێشەی ئەمنیی نێوخۆی ڕوونی هەن. دەبێت سیاسەتی حکوومەتە نوێیەکە بە باشی کار بکات."
دۆناڵد ترەمپ، تۆم باراک، کە هاوکات باڵیۆزی ئەمەریکایە لە تورکیا وەک نوێنەری خۆی بۆ سووریا دیاری کردووە. باراک جەخت لە حکوومەتێکی ناوەندیی بۆ سووریا دەکاتەوە و پێی وایە، سیستەمی فیدڕاڵی بۆ سووریا شیاو نییە.
حکوومەتی سووریا لەژێر چاودێری ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایە. ئەو دەرفەتەی بە دیمەشق دراوە، وڵاتەکەی تێکەڵ بە سیستەمی ئابووری و بازرگانی جیهانی و دیپلۆماسییەت کردووەتەوە. ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کە سزاکانی سیزەریان لەسەر سووریا هەڵوەشاندوونەتەوە، هەر خۆشیان داوا دەکەن، چاودێری ڕەفتارەکانی حکوومەتی وڵاتەکە بکرێت بۆئەوەی ڕێز لە مافی پێکهاتەکان بگرێت.
