حەسەن هەیاس: بەداخەوە بە ڕووخسار پیر بووم بەڵام بەدەنگ نا
هونەرمەندی گۆرانیبێژ حەسەن هەیاس، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، باس گۆرانییە ڕەسەنەکانی خۆی دەکات و تیشک دەخاتە سەر نوێترین بەرهەمی خۆی و دەڵێت: سێ ئاوازی نوێم ئامادەیە، دانەیەکیان بۆ باوک و دانەیەکیان بۆ هەڵەبجە و دانەیەکیش بۆ ئەنفال.
باسێکی بەرهەمی گۆرانییەکانت بکە؟
یەکەمین گۆرانی کە تۆمارم کرد گۆرانی "هەی یار بوو" ئەویش لە دوای سەرکەوتنم لە لێژنەی تاقیکردنەوەی مەقامات و گۆرانی و تێستی میوزیک، دواتریش لەناو ستۆدیۆ وێنە گیرا و لە ساڵی 1987 پەخش کرا. ساڵی 1989 گۆرانی "چاوشین" و "چەکردی" بۆ ڕادیۆی کوردی بەغدا تۆمارم کرد و دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو. ئەلبوومی گۆرانییەکانم وەکو، ساڵی 1990 یەکەمین ئەلبوومی خۆم بە ناوی "چە کردی" بڵاوکردەوە، ساڵی 1993 ئەلبوومی دووەمم بە ناوی "ئەی چارەنووس"، ساڵی 1994 ئەلبوومی سێیەمم بە ناوی "ئەی خانەقینم"، ساڵی 1997 ئەلبوومی چوارەمم بە ناوی "خودا حەقم بسێنی"، ساڵی 2000 ئەلبوومی پێنجەمم بەناوی "شادوێت"، ساڵی 2005 ئەلبوومی شەشەمم بەناوی "خانەقین شاری مەدەنییەت"، ساڵی 2010 ئەلبوومی حەوتەمم بە ناوی "لیوە"، ساڵی 2011 ئەلبوومی هەشتەمم بە ناوی "کرماشان دیرم" بڵاوم کردەوە
ڕاستە گۆرانی "چە کردی" تۆی بە عاشقانی هونەر ناساند؟
بەڵێ "چەکردی" و "سەفەر سەفەرمە چاوشین" دوو بەرهەمی من بوون کە لەگەڵ تیپی مۆسیقای خانەقین تۆمارمان کرد لە ساڵی 1989.
ئەو کاتەی بووی بە هونەرمەند لە خانەقین، ڕووبەڕووی چ ئاستەنگێک بوویتەوە؟
ئاستەنگەکان ئەوکات تەنیا ترس و باری دارایی بوون.
جیاوازی هونەری ئێستا و ڕابردوو چییە؟
ڕابردوو ڕەسەنایەتی زیاتر جێگای بایەخ بوو، ئێستا تا ڕادەیەک فەوزایەک لە گۆڕەپانی هونەر بەدی دەکرێت، تەکنەلۆژیاش ئاسانکاری زیاتری فەراهەم کردووە بۆ ئەو فەوزایە.
ڕاستە دەڵێن حەسەن هەیاس پیر نابێ؟ پیر نەبوونت بە مانای دەنگ دێت یان ڕووخسار؟
بەداخەوە بە ڕووخسار زیاتر پیر بووم تا بە دەنگ.
لەسەردەمی زێڕینی گۆرانی کوردیدا، چ سانسۆڕێک لەسەر گۆرانییەکانی تۆ هەبوو لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە؟
سانسۆڕ نەک تەنیا لەسەر من، بەڵکو لەسەر هەموو شاعیر و هونەرمەندانی کورد بوو، وە هەموو شاعیر و هونەرمەندان بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ تێکستەکاندا دەکرد.
لەگەڵ ئەوەی هونەرمەند بووی، دەگوترێ تووشی ئازار و ئەشکەنجەی ڕژێمێک بوویتەوە کە بڕوای بە گۆرانی کوردی نەبووە؟
ئەوان نەک تەنیا من، بەڵکو لە وورد و درشتی چالاکییەکانی کوردیان دەکۆڵییەوە و چاویان بە هیچی کورد هەڵنەدەهات و پشتگیری هیچ شتێکی کوردیان نەدەکرد و هەموو بوارەکانیان بە تەلی زۆر و ستەم سنووردار کردبوو.
لەنێوان هەولێر و خانەقیندا، کە هونەرەکەت لە دەڤەری فەیلییەکاندا چەکەرەی کردووە، ئێستا کامیانت خۆشتر دەوێ؟
هەردووکیانم خۆش دەوێت و هەردووزمانەکەش تایبەتمەندی خۆیان هەیە لە وشە و فۆنەتیک و شێوازی دەربڕین.
پڕۆژەی نوێت چییە؟
سێ ئاوازی نوێم ئامادەیە، دانەیەکیان بۆ باوک و دانەیەکیان بۆ هەڵەبجە و دانەیەکیش بۆ ئەنفال، لە شیعری شاعری رۆژهەڵات سەید نووح عینایەتی"نەبەز"، ئەوەی هەڵەبجە لە لایەن میوزیسیانی ڕۆژهەڵات واحید نەزەری کرماشانیەوە دابەشدەکرێت و دووانەکەی دیکەش جارێ بڕیارم لێ نەداوە.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ حەسەن هەیاس، لەساڵی 1963 لە خانەقین لەدایک بووە و لەئێستادا دانیشتووی هەولێرە، خاوەنی چەندین ئەلبوومە و ژمارەیەکی زۆر گۆرانی تۆمارکراوی هەیە.
