ڕووفاتی 70 قوربانیی کۆمەڵکوژیی بادوش ڕادەستی کەسوکاریان کرانەوە
بەشی پزیشکی دادوەری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ڕووفاتی 70 قوربانیی دیکەی کۆمەڵکوژیی زیندانی بادوش، کە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی پارێزگای نەینەوا لە لایەن داعشەوە کوژرابوون، ڕادەستی کەسوکاریان کرانەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەمە پێنجەمین قۆناغی قوربانیانی بادوشە کە ناسنامەیان یەکلایی دەکرێتەوە. بەمەش ژمارەی ئەو ڕووفاتەنەی ناسنامەیان ئاشکرا کراوە گەیشتە 241 کەس، لە کۆی 605 تەرمی هەڵکەندراو لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەو ناوچەیە.
ڕووفات قوربانییەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانەکانیان لە پارێزگای نەینەوا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق گواستراونەتەوە، هاوکات ڕووفاتی قوربانیانی دانیشتووی بەغدا لە بارەگای پزیشکی دادوەری لە پایتەخت ڕادەستکراونەتەوە.
بەرپرسانی بەشەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، پرۆسەی ناسینەوەی تەرمەکان بەهۆی ئاڵۆزییە تەکنیکییەکان و تێکچوونی نموونەی ئێسکەکان لەژێر کاریگەریی ژینگەییدا، کاتێکی زۆری خایاندووە و کارەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی تەرمەکانی دیکەش بەردەوامە.
کۆمەڵکوژیی زیندانی بادوش لە حوزەیرانی ساڵی 2014دا ڕوویدا، کاتێک چەکدارانی داعش دوای دەستبەسەرداگرتنی موسڵ، زیاتر لە 670 زیندانییان لە شارۆچکەی بادوش بە پاساوی تائیفی کۆمەڵکوژ کرد.
