ئایشەگول: نابێت کورد لە سووریا پەراوێز بخرێت
گوتەبێژی دەم پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە ڕێککەوتنی 10ـی ئادار بچێتە بوار جێبەجێکردنەوە لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق، هەروەها دەبێت درێژە بە دیالۆگ و دانوستان بدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئایشە گول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان( دەم پارتی) سەبارەت بە ڕێککەوتنی 10ـی ئادار، ڕایگەیاند: سووریایەکی دیموکراسی بەشداری لە دیموکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیادا دەکات و پێشهاتەکانی سووریا کاریگەرییان بەسەر تورکیا هەیە.
ئایشەگول گوتی: پێویستە بە دیالۆگ و دانوستان هەموو ئەو پرسانەی هەن چارەسەر بکرێن، ئەو بابەتانەی وەک هەرەشە دەردەکەون بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ هەسەدە نامێنن، پێویستە تورکیا ڕۆڵێکی بنیاتنەر لە سووریادا بگێڕێت، کورد نابێ لەو وڵاتە پەراوێز بخرێت، پێویستە بتوانن بە ئازادی بژین و هەست بە سەلامەتی بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پێکهاتەی فرە کولتوری و فرە ناسنامەی سووریا بەرهەمی هەزاران ساڵە، لەبری ئەو مۆدێلانەی پشتگوێ بخەن و ناوەندگەرایی ڕق بسەپێنن، پێویستە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە کە ڕێگە بە هەموو کەسێک بدات ئازادی خۆی دەرببڕێت و هەست بە ئازادی و بە سەربەخۆیی بکات.
گوتەبێژی دەم پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە پرۆسەی دانوستان و یەکگرتنی دیموکراسی لە سوریادا درێژەی پێبدرێت.
