کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح پیرۆز دەکات

کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانان بە گشتی و مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت دەکات.

فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، پەیامەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت" خەڵکی ئازیزی هەرێمی کوردستان، جێگەی شانازییە پیرۆزبایی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح، پێغەمبەری هەڵبژێردراوی پەروەردگار لە مسوڵمانان بە گشتی و مەسیحییەکان بە تایبەتی بکەم".

کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر ئاماژەیداوە بەوەی، ڕێبازی ڕووناکی پێغەمبەرانی پەروەردگار، ڕێبازی یەکتاپەرستی، بەها ئەخلاقییەکان، دادپەروەری و بەها مرۆییەکانە.

هەر لە پەیامەکەیدا فەرامەرز ئەسەدی دەڵێت "هیوادارین بە زیندووکردنەوەی وانە زێڕینەکانی حەزرەتی مەسیح، مرۆڤایەتی زیاتر لە ڕابردوو لە ئازاری هاوبەشی یەکتر تێ بگەن و ساڵی 2026، بکەنە ساڵی بەها پڕ بایەخە ئاینییەکان و ئازادی نەتەوە ئازار چەشتووەکانی جیهان لە ژێر دەستەیی ستەمکار و گەندەڵ و داگیرکار و تاریکپەرستان".

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل