عێراق.. ناوی ئیسرائیل دەخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندن و حکوومەت بێدەنگە

یاسای دژە ئاساییکردنەوە تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەزە؛ عێراق بە کرداری دان بە ئیسرائیلدا دەنێت

دەرکەوتنی ناوی "ئیسرائیل" وەک دەوڵەتێک لە یەکێک لە کتێبە فەرمییەکانی پڕۆگرامی خوێندن لە عێراق، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی لە ناوەندە جەماوەری و سیاسییەکان لێ دەکەوێتەوە و شارەزایانیش بە "پێشێلکاریی دەستووری و یاسایی" پێناسەی دەکەن.

بە پێی ئەو بەڵگەنامە و وێنانەی لەلایەن کەسوکاری قوتابییان و چالاکوانانی مەدەنییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، لە کتێبی زمانی فەڕەنسیی پۆلی چوارەمی ئامادەیی، بە دیاریکراوی لە لاپەڕە (23)دا، لە بڕگەی بۆشاییەکان ناوی "ئیسرائیل" لە ڕیزبەندی وڵاتاندا وەک بژاردەیەک بۆ وەڵامدانەوە دانراوە.

چاودێران و یاساناسان ئەم هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردە بە پێشێلکارییەکی ڕاشکاوانەی "یاسای بە تاوانناساندنی ئاساییکردنەوە" دادەنێن کە لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە. بە پێی یاساکە، هەر جۆرە دانپێدانان، بانگەشە، یان مامەڵەیەک کە ئاماژە بێت بۆ شەرعییەتدان بە "ئیسرائیل"، سزای توندی یاسایی لەسەرە.

لەو بارەیەوە، چالاکوانان ڕەتی دەکەنەوە ئەمە تەنیا "هەڵەیەكی هونەری یان لەبیرچوون" بێت، بەڵکو بە هەوڵێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو پێناسەی دەکەن بۆ چەسپاندنی چەمکەکانی ئاساییکردنەوە (تەتبیع) لە هزری نەوەی نوێدا.

بە هۆی هەستیاریی بابەتەکەوە، شەقام و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی عێراق داوای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی بە پەلە دەکەن لەگەڵ لیژنەی دانانی پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە. داواکارن ئەو کەسانەی بەرپرسن لەم "ئابڕووچوونە پەروەردەییە" ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، بەو پاساوەی کە پرسی فەڵەستین و ڕەتکردنەوەی داگیرکاری بەشێکن لە نەگۆڕە نیشتمانییەکانی دەوڵەتی عێراق.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە دۆخێکی هەستیار باڵی بەسەر بەغدادا کێشاوە. ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە میانی ڕێوڕەسمی جەژنی لەدایکبوونی مەسیح و بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق. گوتارێکی کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان، مشتومڕی زۆری لێ کەوتەوە.

بەشێک لە چاودێران دەستەواژەکانی نێو گوتارەکەی کاردینال ساکۆیان بە بانگەشەی "شاراوە و ناڕاستەوخۆ" بۆ ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل لێکدایەوە، ئەمەش وای کردووە دۆزینەوەی ناوی "ئیسرائیل" لە کتێبی خوێندندا لەم کاتەدا، گومانەکان بۆ بوونی ئەجێندایەکی نهێنی زیاتر بکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل