لویس ساکۆ: ئەوەی دەربارەی سەردانم بۆ ئیسرائیل دەگوترێت درۆیەکی ڕوونە

پاتریارک لویس ساکۆ، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، ستایشی هەڵوێستە مێژووییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند: ئەوان هەرگیز پشتیوانییەکانی ئەو حزبە لەبیر ناکەن. 

ساکۆ ئاماژەی بەوە کرد کە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکرات و پارتەکەی، زۆر بە باشی لە زمانی ئەوان تێدەگەن و هاوسۆزێکی ڕاستەقینەی دۆزی کریستیانەکانن، بەتایبەت لەو قەیرانە دروستکراوەی کە ڕووبەڕووی کەنیسە کراوەتەوە.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بڵاوکراونەتەوە، پاتریارک ساکۆ بە توندی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی ئاساییکردنەوەی واژۆ نەکردووە، ئەو ئاشکرای کرد کە هەندێک لایەن بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد، دەنگێکیان بۆ دروست کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە لەگەڵ پاپا فرەنسیس سەردانی ئیسرائیلی کردووە، بەڵام ئەو جەختی کردەوە کە بەهۆی ڕێزگرتن لە دۆزی فەڵەستین، ئامادە نەبووە سەردانی ئەو وڵاتە بکات و هەموو ئەو قسانە بە درۆیەکی شاخدار و دوور لە ڕاستی دادەنێت.

سەرۆکی کەنیسەی کلدانی تیشکی خستە سەر دیدگای خۆی بۆ داهاتووی عێراق و داوای کرد لەبری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، کار بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە ناوخۆییەکانی ناو عێراق بکرێت. 

ساکۆ دەڵێت: عێراق خاکی پێغەمبەران و نیشتمانی حەزرەتی ئیبراهیمە، بۆیە پێویستە حکوومەت کار لەسەر گەشتیاریی ئایینی و شوێنەواری بکات، بە بڕوای ئەو، کاتێک نەوت نامێنێت، ئەم کەرتە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات، چونکە وڵاتانی جیهان بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن و عێراقیش دەبێت سوود لە پێگەی ئایینی و ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.
پاتریارک لویس ساکۆ یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە ئایینییەکانی عێراق و جیهان، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی بڕیارێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بۆ کێشانەوەی مەرسوومی کۆماری لێی، ڕووبەڕووی فشارێکی سیاسی گەورە بووەوە و وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی، بارەگای پاتریارکی لە بەغداوە گواستەوە بۆ هەولێر، ئەم لێدوانانەی ساکۆ لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بە پەناگەیەکی ئارام بۆ کەمایەتییە ئایینییەکان دەبینرێت و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی سەرەکی لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا دەناسرێت، ناوبراو لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە درۆ هەرچەندە زۆر و بڵاو بێت، بەڵام لە کۆتاییدا تەنها ڕاستی سەر دەکەوێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل