لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێلکە لە کڕین نایەت

لە یەک مانگدا نرخی هێلکە لە بازاڕەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێژەی 100% گران بووە  و خەڵکی لەگەڵ ئەوەی قەیرانی دارایی بەرۆکی گرتوون، گرانبوونی نرخی خۆراکە پێویستییەکان هێندەی دیکە خوانی ماڵەکانی بچووکتر کردووەتەوە. 

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان ئێستا هەڵاوسان بە گشتی لە ئێران گەیشتووەتە 50%، بەڵام لە خواردەمەنییەکان لە 70% نزیکبووەتەوە.

لە بازاڕی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێلکەش ئیدی لە کڕین نایەت، قورسایی ئەم گرانییەش لەسەر شانی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتە، کە چەند ساڵێکە توانای کڕینی گۆشتیان نەماوە، ئێستا هێلکەش بۆیان بووەتە سەرەکیترین سەرچاوەی دابینکردنی پرۆتین، بەڵام بەشێکی زۆری خەڵکی توانای کڕینیان نییە.

هێلکە جاران بە خۆراکی سەرەکیی هەژاران دادەنرا، بەڵام ئیتر خەریکە وای لێدێت تەنیا لە سەر سفرە و خوانت دەوڵەمەندەکان دەتوانرێ، ببینرێت.

ئەیوب شێخی، دانیشتووی سنە دەڵێت:" گرانبوونی نرخی هێلکە بارگرانییەکی زۆری لەسەر خەرجییەکانی تەواوی کۆمەڵگە دروستکردووە، بە تایبەت لەم یەک مانگەدا نزیکەی نرخی دوو هێدە بەرز بووەتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆر بۆ سفرەی خوانی خەڵکی دروستکردووە، چونکە خەڵکی بە گشتی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بوونەتەوە و توانای کڕینی هەموو خواردن و خۆراکێکیان نییە، هەربۆیە خوانی خەڵکی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە".

نرخی هەر شانەیەک هێلکە لە هاوینی ڕابردوودا 70 هەزار تومەن بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 250 هەزار تومەن، واتا زیاتر لە 300% بەرزبووەتەوە. 

ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی هێلکە دەڵێت: خاوەن کێڵگەکان لەبەر گەرما و نەبوونی کارەبا ناچار بوون هێلکەکانیان هەرزانفرۆش بکەن، هەربۆیە نرخەکەی هاوین ڕاستەقینە نەبووە، دووکاندارەکانیش دەڵێن:" بە گرانبوونی نرخی هێڵکە بازاڕی ئەوانیش کز بووە و خەڵکی کەمتر هێلکە دەکڕن".

لوتفوڵڵا محەممەدی دووکاندار دەڵێت: " بەهۆی زۆری خەرجییەوە، خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەری هێلکەکەر نرخی هێلکەیان بەرزکردووەتەوە، ئێمەش دەزانین خەڵکی قەیرانی دارایی هەیە، بەڵام ناتوانین بە نرخی کەمترین بیفرۆشینەوە هاووڵاتییان".

بەهای دراوی ئێران لە بەرانبەر دۆلاردا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دادەبەزێت و گرانییش زیاتر پەرە دەستێنێت. 

گرانی و هەڵاوسان لەم وڵاتە لە کۆنترۆڵی حکوومەت و بانکی ناوەندی دەرچووە و پەرلەمانیش هۆشداریی داوە، ئەگەر ئەم دۆخە خراپە ئابوورییە چارەسەر نەکرێت، لێپرسینەوە لە وەزیرەکان دەکات و متمانەیان لێ دەستێنێتەوە، بەڵام پێناچێ گۆڕینی وەزیرەکان بتوانێت قورسایی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران کەم بکاتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل