وادەی دەستپێکی مانگەکانی شەعبان و ڕەمەزان دیاریی کرا

پەیمانگەی نەتەوەیی بۆ توێژینەوە فەلەکییەکان لە میسر لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڕۆژی سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026 یەکەم ڕۆژی مانگی شەعبانە، هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە 19ـی شوباتی 2026، یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، پەیمانگەی نەتەوەیی بۆ توێژینەوە فەلەکییەکان لە میسر، لە ڕاپۆرتێکی زانستیدا وردەکاریی ئەژمارە فەلەکییەکانی بۆ دیاریکردنی سەرەتای مانگەکانی شەعبان و ڕەمەزانی ساڵی 1447ـی کۆچی (2026ـی زایینی) بڵاو کردەوە.

بە گوێرەی داتا بڵاوکراوەکان، ڕۆژی دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026 دەبێتە تەواوکەری مانگی ڕەجەب و ڕۆژی سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، بە پێی پێوەرە فەلەکییەکان وەک یەکەم ڕۆژی مانگی شەعبانی ساڵی 1447ـی کۆچی دیاریی کراوە.

سەبارەت بە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، پەیمانگەکە ئاماژەی بەوە کرد، کۆتایی مانگی شەعبان دەکەوێتە ڕۆژی چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026. بەمەش ڕۆژی پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، دەبێتە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان.

تایبەتمەندیی ڕەمەزانی ساڵی 2026 لەوە دایە کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی وەرزی زستان و سەرەتای وەرزی بەهار. ئەمەش کاریگەریی لەسەر کاتژمێرەکانی ڕۆژووگرتن دەبێت بە جۆرێک:

-تێکڕای کاتژمێرەکانی ڕۆژووگرتن مامناوەند دەبێت (لە نێوان 12 بۆ 13 کاتژمێر).

-لە یەکەم ڕۆژدا ماوەی ڕۆژووگرتن نزیکەی 12 کاتژمێر و 40 خولەک دەبێت.

-بە بەراورد بەو ساڵانەی کە ڕەمەزان دەەکەوتە وەرزی هاوین، ئەمساڵ ماوەکەی کورتتر و کەشوهەواکەی لەبارتر دەبێت.


وادەی جەژنی ڕەمەزان

بە پێی هەمان پێشبینییە فەلەکییەکان، مانگی ڕەمەزانی 1447ـی کۆچی بەرانبەر بە 2026ـی زایینی ماوەی 30 ڕۆژ تەواو دەکات و کۆتا ڕۆژی دەکەوێتە 19ـی ئادار، بەمەش ڕۆژی هەینی، 20ـی ئاداری 2026، وەک یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاریی کراوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، پەیمانگەی نەتەوەیی بۆ توێژینەوە فەلەکییەکان جەختی کردووەتەوە، کە ئەوان پشت بە وردترین پێوەری زانستی دەبەستن، بەڵام بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی بۆنە ئایینییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بینینی مانگ و ڕاگەیەنراوی فەرمیی لایەنە ئایینییە پەیوەندیدارەکان لە وڵاتانی ئیسلامیدا.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل