شەپۆلێکی بەفر و باران تورکیا و باکووری کوردستان دەگرێتەوە
کەشناسی تورکیا هاووڵاتییانی وڵاتەکەی ئاگادار دەکاتەوە، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفربارین دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما دادەبەزن.
ئەمڕۆ هەینی، 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، کەشناسی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ وڵاتەکەیان دەکەوێتە ژێر شەپۆلێکی بەفر و بارانی بەخوڕ و پێشبینی دەکرێت لە زۆرێک لە شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بەفر و بارانی بەخوڕ بۆ چەند رۆژێک بەردەوام بێت .
بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی پلەکانی گەرما4 بۆ 10 پلە لە سەرتاسەری وڵات دابەزێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری کوردستان.
هەروەها کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات، بەگشتیی ئەمڕۆ لەسەرتای شەپۆلەکە باران بارین دەست پێدەکات و دوای کاتژمێرەکانی ئێوارە لە زۆرێک لە شارەکان دەگۆڕێت بۆ بەفربارین و تاوەکوو درەنگانی شەو تا چەند رۆژێکی دیکە شەپۆلەکە چڕتر دەبێتەوە.
کەشناسی تورکیا، داوا لە هاووڵاتیان دەکات لەمشەوە بەدواوە، پێویستە وریایی و ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگیرنەبەر لە بەرانبەر هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
