لە باکووری ئیسرائیل دوو کەس کوژران و چەندی دیکەش برینداربوون

لە ئەنجامی هێرشێکی بەیەکەوەی شێلان بە ئۆتۆمبێل و چەقۆوە لە ناوچەی بێسان لە باکووری ئیسرائیل، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون، پۆلیسی ئەو وڵاتەش دەستگیرکردنی ئەنجامدەرەکەی ڕاگەیاند.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، هێرشەکە لە ناوچەی بێسان ڕوویداوە و تیایدا هێرشبەرەکە سەرەتا بە ئۆتۆمبێل چەند کەسێکی شێلاوە و دواتر بە چەقۆ پەلاماری دەوروبەری داوە. 

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاوی کردەوە، ئەنجامدەری هێرشەکە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دزەی کردووەتە نێو خاکی ئیسرائیل و تا کاتی ئەنجامدانی کردەوەکەی لەوێ ماوەتەوە. 

هەروەها دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشبەرەکە گەنجێکی فەڵەستینییە و خەڵکی شارۆچکەی قەباتەیە لە پارێزگای جەنین لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوا.

بەپێی زانیارییەکانی تیمی فریاگوزاری ئەستێرەی سووری داود، لەو ڕووداوەدا دوو کەس کوژراون و بریندارەکانی دیکەش بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە، لەکاتێکدا هێرشەکە نزیکەی 30 خولەکی خایاندووە تا ئەو کاتەی هێزە ئەمنییەکان توانیویانە هێرشبەرەکە کۆنتڕۆڵ و دەستگیر بکەن.

ئەم جۆرە هێرشانە لە ناوخۆی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل لە کەرتی ڕۆژئاوا و ناوچە جیاوازەکان بەردەوامی هەیە،شارۆچکەی قەباتەیە و پارێزگای جەنین بە گشتی، لە ماوەی ڕابردوودا وەک یەکێک لە چەقەکانی ئاڵۆزی و ڕووبەڕووبوونەوە لە کەرتی ڕۆژئاوا دەرکەوتوون، ئەمەش وای کردووە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ڕێوشوێنەکانیان لە ناوچە سنوورییەکان و ناوخۆی شارەکان توندتر بکەنەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل