چین سزای بەسەر 20 کۆپانیای ئەمەریکا سەپاند
حکوومەتی دەرەوەی چین، سزای بە سەر 20 کۆمپانیای پیشەسازی سەربازیی ئەمەریکا دا سەپاند، بەهۆی فرۆشتنی چەک بە تایوان.
هەینی 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی چین، بڕیاری سەپاندنی سزای بەسەر 20 کۆمپانیای ئەمەریکا دەرکرد، کە لە بواری پیشەسازی سەربازی و چەک کار دەکەن و چەکیان بە تایوان فرۆشتووە، ڕاشیگەیاند، هەر لە ئەمڕۆ هەینییەوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
سزا نوێیەکەی چین، جیا لە 20 کۆمپانیا، 10 بەرپرسی ئەمەریکیش دەگرێتەوە، دیارترین کۆمپانیاکان بریتین لە کۆمپانیای نۆرسرۆپ گرومان سیستەم، ئێڵ 3 هاریس ماریتایم سێرڤێس، بۆینگ لە سانت لویس و چەندین کۆمپانیای دیکە.
هەروەها لە لیستەکەدا هەریەکە لە کۆمپانیاکانی، گیبس کۆکس، ئەدڤانسید ئەکۆستیک کۆنسیبتس، ئێف ئێس ئەی، سیرا بۆ خزمەرگوزاریی تەکنیکی، ڕێد کات، تێل درۆنز، ڕیکۆن گرافت، های پۆینت ئایرۆتەکنەلۆجیست، ئیبرۆس، دیدرۆن، ئیریا ئەی، بلۆ فۆرس تەکنەلۆجیس، دایڤ تەکنەلۆجیس، فانتۆر، ئینتلیجێنست ئیبتاکسی تەکنەلۆجی، رۆمبۆس پاوەر ئەی ئێن سی ، لازارۆس ئینتەربرایزز، ناویان هاتووە و سزاکان دەیانگرێتەوە.
لەم مانگەدا ئەمەریکا، بڕیاری واژۆکردنی گرێبەستی فرۆشتنی چەکی بە بڕی 11.1 ملیار دۆلار بە تایوان پەسەند کرد، ئەمەش گەورەترین پاکێجی چەکی ئەمەریکی بووە، بە گوێرەی زانیارییەکان کە تایوان بڵاویکردووەتەوە، گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەمەریکا هەشت بابەتی لەخۆگرتووە، لەوانە سیستەمی مووشەکی هایمارس، هۆڤیتزەر، مووشەکی دژە تانکی جاڤلین و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڵتیووس، لەگەڵ چەندین جۆری پارچەی یەدەگی ئامێرەکان.
لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی جەنگیی ئەمەریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاندووە ، ئەم ڕێککەوتنە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانی و ئابووری و ئەمنییەکانی ئەمەریکا دەکات.
لەبارەی پاکێجەکەی ئەمەریکا بۆ پێدانی چەک بە تایوان، وەزارەتی دەرەوەی چین توڕەیی و نیگەرانی وڵاتەکەی دەربڕیووە و دەڵیت: " ئەوان بە جددی ئاشتی و سەقامگیریی ئێمە لەگەڵ تایوان تێکدەدەن، داوا دەکەین ئەم جۆرە ڕێککەوتنە ڕابگیرێت و ئەمەریکا لەو بڕیارەی پاشگەز ببێتەوە".
بڕیاری سزادانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە لایەن چیینەوە لە کاتێکدایە، هەردوو وڵات لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێی ئابووری نێوانیان، پێش نزیکەی دوو مانگ لە 30ی تشرینی یەکەمی 2025، شی جین پینگ سەرۆکی چین و دۆناڵد ترەمپ لە بنکەی ئاسمانی جیمهای لە بووسانی کۆریای باشوور کۆبوونەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکە، هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی بازرگانی، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، ئەمەریکا باجی گومرگی لەسەر کاڵا چینییەکان لە 57% بۆ 47% کەم کردەوە.
هەروەها، سەرۆکی چین ڕێگەی بە کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمەریکا دا، ئەمە جگە لەوەی چین ڕازی بوو بەردەوام بێت لە دابینکردنی کانزا دەگمەنەکان بە شێوەیەکی ئازاد.
