هاوپەیمانییەکەی عامری و زەیدی چاوی لە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانە
دووشەممەی داهاتوو بۆ عێراق چارەنووسساز دەبێت
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادە دەستوورییەکان بۆ بەستنی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوودا، دیمەنی سیاسیی عێراق ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکی بێ پێشینە بووەتەوە. ناکۆکییەکان لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا لە قۆناغی دانوستانەوە پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغی "شکاندنی ئێسک"، ئەمەش هەڕەشەی پەکخستنی تەواوەتیی پرۆسەی سیاسی دەکات کە لە دوای ساڵی 2003ـەوە لەسەر بنەمای سازانی پێکهاتەکان دامەزراوە.
هەینی، 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط"، بڵاوی کردەوە، بە پێی خوێندنەوەی دۆخەکە، پێکهاتەی عەرەبی سوننە لەژێر زۆرترین گوشاری کات دایە. تا ئێستا جەمسەرە سەرەکییەکانی ئەم پێکهاتەیە نەیانتوانیوە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی "سەرۆکی پەرلەمان" ڕێکبکەون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ململانێکە بە دیاریکراوی لە نێوان دوو بەرەدایە؛ حزبی تەقەدوم، کە جەخت لەسەر مانەوەی حەلبوسی دەکاتەوە و پاساوی "زۆرینەی هەڵبژاردن" وەک کارتی فشار بەکار دەهێنێت. هەروەها هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی هەوڵی گۆڕینی هاوکێشەکە دەدات.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر تا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ڕێککەوتن نەکرێت، ئەگەری هەیە پەنا بۆ سیناریۆی "دەنگدان لەناو هۆڵی پەرلەمان" ببرێت، کە ئەمەش بە لادان لە نەریتی سیاسیی عێراق هەژمار دەکرێت.
ڕۆژنامەکە باسی لەوە کردەوە، "چوارچێوەی هەماهەنگی کاتێکی زیاتری لەبەر دەستە بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان کەمتر نین لە سوننەکان. ململانێکە لەسەر بنەمای "هاوکێشەی خاڵەکان" (Points System) بەڕێوە دەچێت؛ میکانیزمێک کە کورسییە پەرلەمانییەکان دەگۆڕێت بۆ خاڵ و پۆستەکان دابەش دەکات.
پەرەسەندنەکان دەریدەخەن کە هاوپەیمانییەکی نوێ لە نێوان 'هادی عامری، ئەمینداری ڕێکخراوی بەدەر و شبل زەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانیی خەدەمات دروست بووە، کە خاوەنی نزیکەی 30 کورسیی پەرلەمانن، ئەم بەرەیە چاوی لە پۆستی "جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان"ە، جگە لە داواکردنی وەزارەتێکی خزمەتگوزاری.
شیعە وادەی کۆبوونەوەکەی پێشخست؛ کاندیدی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە
سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەرچەندە بڕیار بوو کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی وادەی یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان کە بریارە لەو ڕۆژەدا بکرێت، کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشخراوە بۆ سبەینێ.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەی سبەینێ بۆ یەکلایکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران نییە، بەڵکو بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانە کە لە پشکی شیعەکانە، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پێش وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان کاندید بۆ ئەو پۆستە دیاریی بکەن.
جەختی لەوەش کردەوە، تا ئێستا لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن.
هەڵویستەکانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق و ئەمەریکا
دۆخەکە تەنیا لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا قەتیس نەماوەتەوە، بەڵکو دەسەڵاتی دادوەری و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی هێناوەتە سەر هێڵ. فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بە ڕوونی هۆشداری داوە کە دواخستنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە دانیشتنی یەکەمدا، "پێشێلکارییەکی دەستوورییە".
لای خۆیەوە مارک ساڤایا، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، دۆخەکەی بە "ساتەوەختی یەکلاکەرەوە" پێناسە کردووە و لە پەیامێکی تونددا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) هۆشداریی داوە لەوەی کە بڕیارەکانی داهاتوو چارەنووسی عێراق دیاری دەکەن لەنێوان "سەقامگیری" یان "داڕمان و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی".
عێراق لەبەردەم دووڕیانێکی مەترسیداردایە؛ یان سازانێکی بە پەلە لەژێر فشاری کاتدا دەکرێت، یان وڵات دەچێتە قۆناغێکی نوێ لە "بوونی بۆشایی دەستووری" کە دەرەئەنجامەکانی بۆ ئابووری و سەقامگیریی وڵات پێشبینینەکراو دەبێت.
یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق
سەرۆک کۆماری عێراق لە مەرسومێکی کۆماریدا ڕۆژی 29ـی ئەم مانگەی وەک یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دیاریی کردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، بەڵام تاوەکو ئێستا شیعە، سوننە و کورد نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کاندیدی پۆستەکانی سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار.
