حەمباڵانی تاران؛ قوربانیی سەختیی کار و خەمساردیی حکوومەت

حەمباڵانی بازاڕی تاران، سەرباری سەختیی کار، نە لە ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتدا ناونووسکراون و نە یاسا و بیمەش دەیانگرێتەوە.

شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' لە ڕاپۆرتیکدا نووسیویەتی "لە بازاڕی قەرەباڵغ و پڕ ژاوەژاوی تاراندا، حەمباڵانی پیر و گەنج، سەرقاڵی گواستنەوەی باری قورس و گرانی فرۆشیار و کڕیارەکانن. ئەمانە، هەرچەندە شادەماری جووڵەی ئابووریی بازاڕەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا بەرانبەر سەختترین و زۆرترین ماوەی کار، کەمترین داهاتیان هەیە."

پیرەمێردێک کە 40 ساڵە لە ئیلامەوە بۆ پەیداکردنی بژێویی هاتووەتە تاران، دەڵێت: لەم هەموو حەمباڵەی لەم بازاڕەدا کار دەکەن، تاک و تەرا نەبێت کەسیان بیمەیان نییە. مانگانە 15 تا 20 ملیۆن تومەنم دەست دەکەوێت، ئەویش نازانم بە کرێی خانووی بدەم یان بە نانی وشک؟"

بازاڕ، پیر و گەنج ناناسێت. کوڕێکی گەنجی 23 ساڵان، کە بارێکی بە ئەندازە ئۆتۆمبیلیکی سواریی لەسەر عەرەبانە بچووکەکەی جێگیر کردووە. خەڵکی ئیسلامشەهرە و مانگانە نزیکەی 30 ملیۆن تومەن داهاتییەتی، خاوەن دوکانێک بیمەی کردووە؛  بەڵام دەبێت مانگانە دوو ملیۆن تومەن پارەی بیمەکە لە گیرفانی خۆی بدات تا سبەینێ خانەنشینی هەبێت؛ ئەم گەنجە دەڵێت: دەوڵەت ئاگەی لە ئێمە نییە، ئەگەر ئاگەمان لە خۆمان نەبێت، سبەینێ لە برسان دەمرین.

 

لێرە جیاوازیی لە نێوان حەمباڵی سەربەخۆ، یان ئەوانەی بۆ کۆمپانیایەک کار دەکەن، نییە. 'ئەمیر'ی 16 ساڵان ڕۆژانە 12 سەعات بۆ کۆمپانیایەک کار دەکات، دەڵێت: ڕۆژانە نزیکەی ملیۆن و نیو تومەنم دەست دەکەوێت. هەندێک خاوەنباری بێویژدان پارەی حەمباڵەکان نادەن. بەڵام خۆ ناتوانین قسەش بکەین، چونکە لێرە کەس بە کەس  نییە.

 بە گویرەی قسەی کازم ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی پیشەیی کرێکارانی باربەر (حەمباڵان)ی شاری تاران، "حەمباڵان، بە شێوەی پەرشوبڵاو و گەڕۆک، لە شوێنەکانی کار، تێرمیناڵەکان و بازاڕەکاندا کار دەکەن؛ کارەکەیان هێندە قورس و تاقەتپڕووکێنە، کە زۆربەیان پاش شەش یان حەوت ساڵ کار، ئیتر پەکیان دەکەوێت و نەبوونی بیمەش هێندە قوڕەکەی خەستتر کردووە."

ئەحمەدیان، دەشڵێت: هەڵبەتە هەندێک لەو حەمباڵانە، ناچارن بۆ پەیداکردنی بژێویی تا 25 ساڵیش لەو بارودۆخە سەختەدا کار بکەن. ئەوانەی بۆ کۆمپانیا یان دووکاندارەکان کار دەکەن، بە هاوبەشیی بیمەیان بۆ دەکرێت، بەڵام ئەوانەی بە شێوەی سەربەخۆ کار دەکەن، بیمەیان نییە و هیچ بیمە یان پشتیوانییەکی کۆمەڵایەتیی حکوومییان نییە. لە ڕاستیدا ئێمە نازانین بۆچی حکوومەت ئەم چینە زەحمەتکێشەی پشتگوێ خستووە.

بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بیمە کۆمەڵایەتی تاران، لە نێوان ئەو هەموو حەمباڵانەی تاراندا، تەنیا 900 کەسیان بیمە کراون. ئەم ژمارەیە نیشانەی خەمساردیی حکوومەتە بەرانبەر بە کێشەی ئەم توێژە هەژار و زەحمەتکێشەی کۆمەڵگە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل