پێگاسوس گەشتەکانی نێوان ئیستانبوڵ و سلێمانی دەست پێکردەوە
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند؛ هێڵی ئاسمانی پێگاسوس گەشتە ئاسمانییەکان لە ئیستانبوڵ و سلێمانی دەست پێکردەوە.
ڕاشیگەیاند؛ هەر ئەمڕۆ هێڵی ئاسمانی پێگاسوس گەشتە ئاسمانییەکانی لە نێوان "ئیستانبوڵ-سلێمانی-ئیستانبوڵ" بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەست پێدەکردەوە و پێگاسوس هەفتەی سێ گەشتی ئاسمانی دەبێت.
ڕۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ڕایگەیاند؛ بەگوێرەی ئەو خشتەیەی لەلایەن (هێڵی ئاسمانی پێگاسوس)ەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نێدراوە، وا بڕیارە لە27ـی 12ـی 2025، گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان ئیستانبوڵ-سلێمانی-ئیستانبوڵ دەست پێبکەن.
ڕاشیگەیاند؛ بڕیارە پێگاسۆس هەفتەی 3 گەشتی ئاسمانی ئەنجام بدەن.
دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دوای ئەوە دێت، تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025، قەدەغەی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگرت. ئەم بڕیارە دوای ماوەیەک لە ڕاگرتنی گەشتەکان هات، تورکیا لە نیسانی ساڵی 2023 گەشتەکانی ڕاگرتبوو.
هەڵگرتنی قەدەغەی گەشتەکان بووەتە هۆی ئەوەی چەندان هێڵی ئاسمانیی دیکەی تورکی، وەک تورکیش ئێرلاین، گەشتەکانیان بۆ سلێمانی دەستپێبکەنەوە. ئەمەش جووڵەی بازرگانی و گەشتیاریی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیای بووژاندووەتەوە.
