دراوی نوێی سووری.. لاپەڕەیەکی نوێ بۆ هاووڵاتییان و بازاڕ

بانکی ناوەندیی سووریا لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا دراوێکی نوێ دەخاتە بازاڕەوە. ئامانج لەم هەنگاوە ئاسانکردنی مامەڵە داراییەکان و سووککردنی باری هەڵگرتنی پارەیە بۆ هاووڵاتییان.

دراوە نوێیەکە لە 6 جۆر پێکدێت، بۆ نموونە 5,000 لیرەی کۆن دەبێتە 50 لیرەی نوێ. بڕیارەکە جگە لە ئاسانکاری بۆ کڕین و فرۆشتن، چەندان هێمای سیاسی لەخۆدەگرێت.

هاووڵاتییەک بەناوی ئەمەن سەبسەب، بە ئەنوەر عەبدوڵـلـەتیف، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "دراوی نوێ بۆ مامەڵەکردن ئاسانترە، پێشتر بۆ کڕینی پێداویستییەک دەبوو بڕێکی زۆر پارەمان هەڵگرتایە، بەڵام ئێستا بە چەند پارچە دراوێک مامەڵەکانمان دەکەین و کارەکانمان زۆر ئاسانتر بووە."

واسف کەسەم، هاووڵاتییەکی دیکەیە و ئاماژەی بەوە دا، "ئەم بڕیارە بۆ هەموو چین و توێژەکان، فەرمانبەر، بازرگان و دوکاندار، ئاسانکارییەکی گەورەیە. هیوادارین نرخی لیرەی سووری جێگیر بێتەوە، چونکە کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر ئابووریی وڵات هەبووە."

سەفوان تاهیر، بازرگانێکە و پێی وایە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە. ئەو گوتی، "چەندان وڵات لەکاتی قەیرانی ئابووریدا سفرەکانی سەر دراوەکانیان لادەبەن، ئەم کارە کاریگەریی ئەرێنی زیاترە لە نەرێنی و دۆخی گشتیی ئابووری بەرەو باشتربوون دەبات."

بانکی ناوەندیی سووریا جەختی کردووەتەوە، گۆڕینی دراوەکە بە قۆناغ و لەسەرخۆ دەبێت و دراوە نوێیەکە وردە وردە دەخرێتە بازاڕەوە.

شارەزایانی ئابووری سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە بە چاکسازیی ئابووریی فراوان و هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە دەبەستنەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن، پێویستە ئەم هەنگاوە بە پشتیوانیی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و هەناردەکردنەوە بەهێز بکرێت، بۆ ئەوەی متمانە بۆ لیرەی سووری بگەڕێتەوە.

ئابووریی سووریا بەهۆی شەڕی ناوخۆیی زیاتر لە دەیەیەک و سزایە نێودەوڵەتییەکانەوە، بە دۆخێکی یەکجار سەختدا تێپەڕیوە. بەهای لیرەی سووری دابەزینێکی مێژوویی تۆمار کردووە و هەڵاوسان گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی. ئەمەش بووەتە هۆی بێ بەهابوونی دراوە کۆنەکان و قورسایی لە مامەڵەی ڕۆژانەدا دروست کردووە. حکوومەتی سووریا بە لابردنی سفرەکانی سەر دراوەکەی هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی هەڵاوسان بکات و مامەڵە داراییەکان بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان ئاسانتر بکاتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل