پڕۆژەی پردی زەڕایەن جێبەجێ دەکرێت

دوای هەوڵێکی دوو ساڵە لەسەر ئاستی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، دواجار کارەکانی دروستکردن، چاککردن و تەواوکاری بۆ پردی سەر ڕێگای سەرەکی زەڕایەن - دەربەندیخان دەستی پێکرد. 

ئەم پڕۆژەیە کە بە تێچووی زیاتر لە 181,000,000 دینار جێبەجێ دەکرێت، ئەمش مژدەیەکی گەورەیە بۆ شۆفێران و دانیشتووانی ناوچەکە کە ساڵانێکی زۆر بوو بەدەست گرفتی ئەم پردە و ئاستەنگەکانی هاتووچۆوە لەو سنوورەدا دەیناڵاند.

بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی زەڕایەن ئاشکرای کرد،  دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە ئەنجامی بەدواداچوونی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکەیە لەگەڵ وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و دارایی، بە مەبەستی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی پردی ناو گوندی زەڕایەنی کۆن کە دەکەوێتە سەر ڕێگای گشتیی دووسایدی سلێمانی - دەربەندیخان. 

لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی مەیدانیشدا، ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن بە یاوەری بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی سلێمانی، سەردانی شوێنی کارەکەیان کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بوون، هاوکات دەستخۆشییان لە تیمە ئەندازیارییەکان کرد بۆ دەستپێکردنی کارەکانیان.

لە ڕووی ستراتیژییەوە، ئەم پردە و ئاوبارەیە، گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە، چونکە دەکەوێتە سەر یەکێک لە قەرەباڵغترین ڕێگاکانی هەرێمی کوردستان کە پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەی گەرمیان و مەرزە نێودەوڵەتییەکانەوە دەبەستێتەوە.

 تێکچوونی ئەم بەشەی ڕێگاکە لە ساڵانی ڕابردوودا مەترسییەکی زۆری بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان دروست کردبوو و ببووە هۆی پەککەوتنی هاتووچۆ لە کاتی بارانبارین و جەنجاڵییەکاندا.

 تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا ئاسانکارییەکی گەورە بۆ شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بچووک و بارھەڵگرەکان دەکات، بەڵکو ئاستی سەلامەتی لەسەر ئەم ڕێگا نێودەوڵەتییە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل