هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سیستەمێکی پێشکەوتووی دیجیتاڵی بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوێکی نوێ و بێپێشینەدا، پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیجیتاڵی چاودێریکردنی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی ڕادەگەیەنێت.
ئەم پڕۆژەیە وەک وەڵامێکی زانستی و تەکنەلۆژی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمئاوی دەبینرێت، کە ئامانج لێی پاراستنی ئاسایشی ئاوی ناوچەکەیە لە ڕێگەی داتای ورد و خێراوە.
کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژەیە دەستکەوتێکی گەورەیە و پێشتر هاوشێوەی نەبووە، لە ڕێگەی ئەم سیستەمە نوێیەوە، دەتوانرێت بە شێوەیەکی دیجیتاڵی و لە یەک کاتدا چاودێری ئاستی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی بکرێت، سیستەمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکاتەوە کە دۆخی ئاو لە چ ئاستێکدایە. بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی، گرنگی ئەم هەنگاوە لە پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو و پۆند کەمتر نییە، چونکە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پلانی درێژخایەنی پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان.
لە ڕووی ستراتیژی و ژینگەییەوە، ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵە چڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بەبیابانبوون کە ئێستا بەشێکی زۆری عێراقی گرتووەتەوە.
کاروان سەباح جەخت لەوە دەکاتەوە، گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی بارانبارین ڕاستییەکن و کاریگەرییان دەبێت، بەڵام ئامانجی سەرەکی لەم جۆرە پڕۆژە تەکنەلۆژییانە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بتوانێت بە کەمترین زیان لەم قۆناغە دەرباز بێت و بە شێوەیەکی زانستییانە مامەڵە لەگەڵ دابەشکردن و پاراستنی سامانی ئاو بکات.
