هەسەدە دەنگۆی سەردانی مەزڵووم عەبدی بۆ دیمەشق ڕەت دەکاتەوە
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە فەرمی ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لە سەردانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانیان بۆ دیمەشقی پایتەختی سووریا دەکەن و ڕایگەیاند: ئەو زانیارییانە هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلەدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربارەی سەردانی ئەمڕۆی مەزڵووم عەبدی بۆ دیمەشق بڵاوکراوەتەوە، تەنیا دەنگۆیە.
ناوبراو جەختی لەوەش ، هەر جۆرە پەیوەندی، جوڵەیەکی سیاسی یان سەربازیی فەرمی، تەنیا لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانی هەسەدەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.
ئەم ڕەتکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا شەپۆلێکی دەنگۆ لە میدیا ناوخۆیی و ناوچەییەکان سەری بڵاوبووەوە کە گوایە شاندێکی باڵای هەسەدە بە سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسە سیاسی و ئەمنییەکان گەیشتوونەتە دیمەشق.
هەسەدە داوا لە میدیاکان دەکات تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن بۆ گواستنەوەی هەواڵە هەستیارەکان.
