سبەی هاتوچۆی گشتیاری و بازرگانی لە مەرزی کێلێ ڕادەگیرێت

قایمقامییەتی قەزای پشدەر ڕایگەیاند: بەهۆی بارینی بەفر و دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ، سبەی لە هەر دوو دیوی مەرزی کێلێ، هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی ڕادەگیرێت.

قایمقامییەتی قەزای پشدەر، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی بارینی بەفر و دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ لە هەردوو دیوی مەرزی کێلێ، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی سەروسامانی هاووڵاتییان، سەرجەم بازرگان و گەشتیاران، سبەی یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە مەرزەکە ڕادەگیرێت.

قایمقامییەتی قەزای پشدەر، داواکارە لە هاووڵاتییان، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتییان و ڕەخساندنی بواری پێویست بۆ تیمەکانی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگەوبان، لە مەرزی کێلێ و ڕێگە کوێستانییەکانی دیکەی قەزای پشدەر نزیک نەبنەوە.

بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ڕێگەی زینی وەرتێ لە نێوان هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و سۆران و دەروازەی سنووری کێلێی لە سنووری قەڵادزێ داخراوە.

هەر بەهۆی بەفربارینەوە لە سنووری شاری قەڵادزێی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ڕێگەی سەرەکی چوون بۆ دەروازەی سنووری کێلێ داخراوە، کە باشووری و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکەوە دەبەستێتەوە.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی هەرێمی کوردستان، لە ناوچە شاخاوییەکاندا ئەمڕۆ و سبەی بەفربارین بەردەوام دەبێت و لە هەندێک کاتدا دۆخەکە بۆ کڕێوە دەگۆڕێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل