21 وڵاتی جیهان دانپێدانانی ئیسرائیل بە "سۆماڵیلاند" ڕەت دەکەنەوە
21 وڵاتی جیهان، ڕەتکردنەوەی خۆیان بۆ دانپێدانانی ئیسرائیل بە هەرێمی سۆماڵیلاند ڕاگەیاند. هاوکات دەڵێن: ئیسرائیل یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و بڕیارەکەشی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات.
شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی "سعوودییە، میسر، عێراق، تورکیا، ئێران، جەزائیر، ئوردن، کوەیت، قەتەر، لیبیا، سۆماڵ، سوودان، یەمەن، عومان، فەڵەستین، دوورگەکانی قەمەر، جیبۆتی، گامبیا، ماڵدیڤ، نێجیریا و پاکستان"، لە ڕاگەیەنراوێکدا، دانپێدانانی ئیسرائیل بە "سۆماڵیلاند" ڕەت دەکەنەوە.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، وەزیرانی دەرەوەی ئەو 21 وڵاتی جیهان، دەڵێن: ئەم بڕیارەی ئیسرائیل لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ئەفریقا و دەریای سوور، هەروەها کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات، ئەوەش نیشانەی گوێنەدانی تەواوەتیی ئیسرائیلە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها وەزیرەکان بە توندترین شێوە ئەم دانپێدانانەیان سەرکۆنە کرد و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پێناسەیان کرد و، جەختیان لەسەر پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی وڵاتی سۆماڵ کردەوە.
وەزیرەکان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ سەروەریی سۆماڵ دەربڕی و هەر ڕێکارێکیان ڕەت کردەوە کە ببێتە هۆی تێکدانی یەکڕیزی و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە. ئاماژەیان بەوەش دا کە دانپێدانان بە سەربەخۆیی بەشێک لە خاکی دەوڵەتان، پێشینەیەکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر بنەما جێگیرەکانی یاسای نێودەوڵەتی.
هەروەها بە توندی ڕەتیان کردەوە کە ئەم هەنگاوە گرێ بدرێت بە هەر پلانێک بۆ کۆچپێکردنی گەلی فەلەستین بۆ دەرەوەی خاکەکەی خۆیان.
هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا
لای خۆیەوە یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانیی خۆی بۆ یەکپارچەیی و سەروەریی وڵاتی سۆماڵ دووپات کردەوە و داوای دیالۆگێکی کی بنیاتنەرانەی کرد لەنێوان "سۆماڵیلاند" و حکوومەتی سۆماڵ بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان.
هاوکات، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی نوێنەرە هەمیشەییەکان لە قاهیرە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات، بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی دانپێدانانی ئیسرائیل بە "سۆماڵیلاند" وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ. ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوای سۆماڵ و لە چوارچێوەی جووڵەی عەرەبیدا دێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل.
کاردانەوەی سۆماڵ
داود ئۆوەیس، وەزیری ڕاگەیاندنی سۆماڵ لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، دانپێدانانەکەی ئیسرائیل دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەروەریی سۆماڵ و مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە.
ناوبراو جەختی کردەوە، کە ڕێگە بە دروستکردنی هیچ بنکەیەکی سەربازیی بیانی نادەن کە وڵاتەکە بەرەو ململانێ ببات.
وەزیری ڕاگەیاندنی سۆماڵ، پێشوازیی لە هەڵوێستی ئەمەریکا کرد کە هەمان ڕێچکەی ئیسرائیلی نەگرتووەتە بەر و بە "هەڵوێستێکی دادپەروەرانە" پێناسەی کرد.
داننان بە سۆماڵیلاند وەک وڵاتێی سەربەخۆ
شەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە شێوەیەکی فەرمی بڕیاری دانپێدانانی وڵاتەکەی بە هەرێمی سۆماڵیلاند وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری ڕاگەیاند.
لە ڕێوڕەسمێکدا، هەریەک لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران و جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لەگەڵ سەرۆکی سۆماڵیلاند، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش و دوولایەنەیان لەم بارەیەوە واژۆ کرد.
سۆماڵیلاند
هەرێمی سۆماڵیلاند، لە ساڵی 1991ـەوە جیابوونەوەی خۆی لە سۆماڵ ڕاگەیاندووە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا، هیچ دانپێدانانێکی نێودەوڵەتیی فەرمیی لە لایەن هیچ وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەست نەهێناوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک هەرێمێکی خاوەن حوکمڕانیی خۆسەر لە چوارچێوەی سۆماڵی فیدراڵدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
هەرێمی سۆماڵیلاند، بە درێژایی 850 کیلۆمەتر بەسەر باشووری کەنداوی عەدەن و دەروازەی گەرووی بابولمەندەبدا دەڕوانێت، کە ڕێڕەوێکی بازرگانیی جیهانییە. ئەم هەرێمە لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ جیبۆتی، لە باشوور و ڕۆژئاواوە لەگەڵ ئەسیوبیا، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە لەگەڵ سۆماڵ هاوسنوورە. ڕووبەرەکەی 177 هەزار و 120 کیلۆمەتر دووجایە.
ژمارەی دانیشتووانی سۆماڵیلاند نزیکەی 5.7 ملیۆن کەسە. شاری "هێرگێیسا" تەنیا پایتەخت نییە، بەڵکو ناوەندی سیاسی و کارگێڕیی هەرێمەکەیە، جگە لە شاری "بەربەرە" کە پایتەختی ئابوورییە بەهۆی بەندەرە ستراتیژییەکەیەوە.
زمانی سۆماڵی زمانی فەرمییە و وەک زمانی دایک بەکار دێت، هاوکات زمانی عەرەبی لە خوێندن و کاروبارە ئایینییەکاندا بەکار دێت و ئینگلیزیش زمانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. ئیسلام ئایینی فەرمییە و سەرجەم دانیشتووانەکەی موسڵمانی سوننە مەزهەبن.
