هاووڵاتییەکی کورد لە غەززە خەون بە گەڕانەوە بۆ کوردستان دەبینێت؛ "دەمویست ببم بە پێشمەرگە"
لە نێو خێمەیەکی سادەی ئاوارەیی لە شاری خان یونس، جەعفەر بن خەلیل کۆلان، ناسراو بە ئەبو مەروان، ژیانێکی پڕ لە ئازار بەسەر دەبات. ئەو هاووڵاتییە بەڕەگەز کوردە، لەگەڵ هاوسەرە فەڵەستینییەکەی و نەوەکانیدا لەنێو وێرانکارییەکانی جەنگدا گیریان خواردووە.
ئەبو مەروان لەسەر کورسییەکی کەمئەندامییەوە، بە دەنگێکی پڕ لە حەسرەتەوە گۆرانیی کوردی "ئای فەلەک بۆ تە دنالم" دەڵێتەوە؛ هەوڵێکە بۆ زیندووڕاگرتنی یادەوەریی نیشتمانێک دەیان ساڵە لێی دوورە.
ژیانی ئەبو مەروان گەشتێکی دوور و درێژە. لە گەنجیدا خەونی بوون بە پێشمەرگە و بەرگریکردن لە خاک و نەتەوەکەی هەبوو. هەر ئەم خەونە پاڵی پێوە دەنێت ڕوو بکاتە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین، بە هیوای وەرگرتنی ڕاهێنانی سەربازی و پاشان گەڕانەوە بۆ کوردستان؛ بەڵام هەڵگیرسانی جەنگی ساڵی 1982، ڕێڕەوی ژیانی بە تەواوی دەگۆڕێت. ناچار دەکرێت لەگەڵ هێزەکانی ڕێکخراوەکەدا بەرەو جەزائیر بڕوات و بۆ ماوەی 15 ساڵ لەوێ بمێنێتەوە. دواجار بەهۆی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆوە، لە ساڵی 1995دا دەگاتە غەززە و لەوێ گیرسایەوە.
ئەبو مەروان وەک خەباتگێڕێک هاتە غەززە، نەک وەک پەنابەرێک، بەڵام ئێستا چارەنووسی بە چارەنووسی خەڵکی ئەو کەرتەوە گرێ دراوە. جەنگ زیانێکی گەورەی بە بنەماڵەکەی گەیاندووە؛ دوو نەوەی شەهید بوون و کوڕە گەورەکەشی قاچێکی لەدەستداوە.
لەگەڵ ئەم هەموو ناخۆشییەشدا، ئەو لەنێو وێرانکارییەکاندا بەردەوام لە ڕێگەی مۆبایلەکەی و کوردستان24ـەوە، سەیری هەواڵەکانی کوردستان دەکات. ئەبو مەروان بە هیواوە گوتی: "شەوان خەون بە کوردستانەوە دەبینم. خەون دەبینم دەگەمە فڕۆکەخانە و کڕنۆش بۆ خاکەکەی دەبەم و ماچی دەکەم. تەنیا هیوام ئەوەیە لەوێ کۆچی دوایی بکەم".
هاوسەرە فەڵەستینییەکەی ئەبو مەروان، بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە پشتیوانی لە خەونی هاوبەشیان دەکات و دەڵێت: "هەمیشە دەڵێم خۆزگە لەنێو کەسوکارم لە کوردستان گیانم لەدەستبدایە."
ئەو ژنە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات یارمەتییان بدەن بۆ گەڕانەوە. ئەو گوتیشی: "تەمەنی هەڵکشاوە و پێویستی بە چارەسەر هەیە. زۆربەی وڵاتان هاووڵاتییانی خۆیان لە غەززە بردووەتەوە، هیوادارین ئێمەش ئەو دەرفەتەمان هەبێت".
زیاتر لە 30 ساڵ دووری و ئازارەکانی جەنگ، نەیانتوانیوە ئیرادەی ئەبو مەروان بڕوخێنن. ئەو هێشتا چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیە خەونی لەمێژینەی بێتە دی و پێش کۆتا هەناسەکانی، جارێکی دیکە بۆنی خاکی نیشتمان بکات.
