پزیشکیان: ناکرێت وڵاتێک خاوەنی نەوت بێت و خەڵکەکەی هەژار بێت

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا  ڕایگەیاند؛ناکرێت خەڵک شەو لە برسان خەویان لێنەکەوێت و ئێمەش بانگەشەی ئەوە بکەین، کە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا سەرکەوتووبووین.

پزیشکیان لە وتارەکەیدا بە ڕاشکاوی باسی لە دۆخی ئابووری خەڵک کرد و ئاماژەی بەوە دا، ناکرێت وڵاتێکی وەک ئێران کە خاوەنی سامانێکی زۆری نەوت و غازە و بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی دەگاتە نزیکەی 8 ملیۆن بەرمیل، خەڵکەکەی برسی بن و لە دابینکردنی نانی ئێوارەیاندا دەستەوستان بن، چونکە بە گوتەی ئەو، لە دۆخێکی وەهادا ناتوانرێت بانگەشەی بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی کاروباری وڵات بکرێت.

سەبارەت بە وردەکارییە داراییەکان، سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند؛ کۆی بودجەی ساڵی 2025، لە ڕووی داهات و خەرجییەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 14 کوادریلۆن و 441 تریلیۆن ڕیاڵ، ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان کە ئێستا لە نێوان 41% بۆ 50% دایە و بووەتە هۆی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی و کەمبوونەوەی توانای کڕینی هاووڵاتیان.

پزیشکیان جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەت هەموو هەوڵێکی داوە بارگرانی و فشاری ئەم قەیرانە داراییانە بخاتە سەر شانی خۆی، بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پزیشکیان تیشکی خستە سەر ئەو بارودۆخە نائاساییەی کە بودجەکەی تێدا ئامادە کراوە و باسی لەوە کرد، ئەمساڵ وڵاتەکەی سەختترین وشکەساڵی نیو سەدەی ڕابردووی تێپەڕاندووە، هاوکات دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان و کەمبوونەوەی داهاتی هەناردەکردنی نەوتی ئێران فشارەکانی زیاتر کردووە. ئەو دووپاتی کردەوە "دوژمنانی وڵات" گەمارۆکانیان چڕتر کردووەتەوە و شەڕێکی گەورەی ئابوورییان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەڵام سەرەڕای ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییان، وڵات توانیویەتی بەهۆی یەکڕیزی گەل و قوربانیدانی هێزە چەکدارەکان و سەرکردایەتی ڕێبەری باڵاوە ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت و بەرەو سەقامگیری هەنگاو بنێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل