بڕیاری لەسێدارەدان بۆ یەکێک لە تاوانبارانی ئەنفالی بارزانییەکان دەرچوو
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ یەکێک لە تاوانبارانی ئەنفالی بارزانییەکان دەرکرد. هاوکات بڕیاری زیندانی تا هەتایی بۆ تاوانبارێکی دیکە دەرکرد.
دادگاکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعد خەزعل جاسم لامی و ئەندامێتیی دادوەران عەلی کەمال جابر، محەممەد عەبدولڕەزا حەتتاب، فیراس مەحموود ئیسماعیل و باسم ساڵح محەممەد، دوو ئەفسەری پێشووی ڕژێمی بەعسی عێراق بەناوەکانی شاکر تەها یەحیا غەفور ئەلدووری و سەعدون سەبری جەمیل جومعە ئەلقەیسی، بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە ئەنفالی بارزانییەکان، دادگایی کرد.
وردەکاریی بڕیارەکانی دادگا
دادگا بڕیاری دا بە سزای لەسێدارەدان بەشێوەی خنکاندن تا مردن بۆ تاوانبار شاکر ئەلدووری. ئەم سزایە لەسەر بنەمای ماددەکانی 12 و 15ی یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی ژمارە 10ی ساڵی 2005، هەروەها ماددەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 دەرچووە.
ناوبراو بە تاوانی بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی بارزانییەکان و فڕێدانیان بۆ ناو گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی فەللوجە/سەقلاویە، کە بە تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار کراوە، سزا درا.
هەروەها دادگا بڕیاری دا بە سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ تاوانبار سەعدون ئەلقەیسی، بەپێی هەمان ماددە یاساییەکانی سەرەوە. دادگا بڕیاریشی دا کە دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی ئازاد نەکرێت، چونکە لە کەیسێکی دیکەشدا سزادراوە.
مافی تانەدان و قەرەبووکردنەوە
دادگا ڕایگەیاندووە کە دۆسیەی سزادراو بە لەسێدارەدان لە ماوەی دە (10) ڕۆژدا دەنێردرێت بۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی. هەروەها هەردوو سزادراو مافی ئەوەیان هەیە لە ماوەی سی (30) ڕۆژدا تانە لە بڕیارەکە بدەن.
جگە لەوەش، دادگا مافی بۆ داواکارانی مافی کەسی پاراستووە کە دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی دادگاییکردن و پەسەندکردنی حووکمەکە، داوای قەرەبووکردنەوەی ماددی لە دادگا مەدەنییەکان بکەن.
ئەم بڕیارە بە کۆی دەنگی ئەندامانی دادگا و بەشێوەی ئاشکرا لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025 دەرچووە.
