بەفر دیاربەکری سپی پۆش کرد و ناوەندەکانی خوێندن چاوەڕێی بڕیاری پشوون
دوای هۆشدارییەکانی کەشناسی تورکیا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفر بارین ناوەندی شاری دیاربەکر و قەزاکانی دەوروبەری گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان پشووی فەرمی ڕاگەیەندرا.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ناوچەی 15ی تورکیا، ڕاگەیەندراوێکی پێشوەختەی بڵاوکردبووەوە، کە لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، شەپۆلێکی دیکەی بەفر بارین لە ناوەندی دیاربەکر و دەوروبەری دەستپێدەکات و کاریگەرییەکەی لە قەزاکانی (باڵار، سوور، کایاپنار، یەنی شەهیر، کولپ، هەزرۆ، سلیڤان، بیسمیل، چنار، کۆجاکۆی و هانی) زیاتر دەبێت، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت ئاستی بەفرەکە لەنێوان 5 بۆ 15 سانتیمەتر بێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی بەفربارین لە ناوەندی شارەکە، ئۆتۆمبێل و شەقام و دارەکان سپی پۆشبوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەردوو پارێزگای ئورفا و مێردین بەهۆی بەفر و سەرماوە ئەمڕۆ کراوەتە پشووی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن.
پارێزگاری دیاربەکر هۆشداریی داوە کە هاوکات لەگەڵ بارینی بەفرەکە، ئەگەری دروستبوونی شەختە و بەستەڵەک هەیە، هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات وریای هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بن و ئامادەکاریی تەواویان هەبێت.
سەبارەت بە پشووی خوێندن لە دیاربەکر، تاوەکو ئێستا قوتابیان و مامۆستایان و ناوەندەکانی پەروەردە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی بڕیاری فەرمیی پارێزگای دیاربەکر دەکەن، بەڵام تائێستا پارێزگار هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە و دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن بەردەوامە.
