هەژاری و گرانیی دەرمان، ئافرەتانی کەمداهات لە پشکنینی شێرپەنجە دوور دەخاتەوە

ئافرەتانی بەخێوکەری خێزانە کەمداهاتەکان زیاتر تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەبن و لەبەر کێشەی دارایی، پشکنینی پێشوەختە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە ناکەن.

دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەم 2025، مریەم خاکڕەنگین، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی خێزان و خانمان لە ڕێکخراوی خۆشگوزەرانی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا' ڕایگەیاند "پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بۆ 22 هەزار ئافرەتی سەرپەرشتیی خێزان، دەریخستووە کە تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی، بەتایبەت شێرپەنجە، لەنێو ئەم ئافرەتانەدا بەرزترە لە خەڵکانی دیکە و گوتی: یەکێک لە هۆ گرنگەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان لەنێو ئافرەتاندا، بەتایبەت ئافرەتانی سەرپەرشتی خێزانە کەمداهاتەکان یان بەگشتی خەڵکانی هەژار، ئەوەیە، ئەوان کەمتر بەشداریی لە بەرنامەکانی پشکنینی پێشوەختە دەکەن."

خاکڕەنگین، گوتیشی: ئەم ئافرەتانە، لەبەر هەژاریی دارایی و کەمیی هۆشیارییان، خۆیان لە پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکان بەدوور دەگرن. چونکە زۆر جار، تێچووی چارەکردنی نەخۆشیی و گرانیی نرخی دەرمان و دوکتۆر، ناچاریان دەکات لە ئاست تووشبوون بە نەخۆشییەکاندا بێدەنگ بن.

بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی خێزان و خانمان،  جەختی لەوەش کردەوە "ڕێکخراوی خۆشگوزەرانی، ئەمساڵ بە لەبەرچاوگرتنی ئەم پێویستییە چەند دەستپێشخەرییەکی کردووە؛ وەک ئەوەی توێژەرە کۆمەڵایەتییەکانمان بەدواداچوون بۆ دۆخی ئافرەتانی سەرپەرشتیی خێزانە هەژارەکان دەکەن. ئەوان پەیوەندی بەم ئافرەتانەوە دەکەن و خولی ڕاهێنانیان بۆ ساز دەکەن تا هانیان بدەن بۆ پشکنینی پێشوەختە، سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن."

خاکڕەنگین، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: یەکێک لە هۆکانی بەشدارینەکردنی ئەو ئافرەتانە لە بەرنامەکانی پشکنینی پێشوەختە، ئەوەیە، لە ئەگەری دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکدا، توانای دابینکردنی تێچووەکانی چارەکردنی نەخۆشییەکەیان نییە. ئەم نیگەرانییە بارێکی دەروونیی زیادە دەخاتە سەر شانی ئەو ئافرەتانە و خیزانەکانیان. چونکە ئەوان دەپرسن"ئەگەر ئێستا نەخۆشییەکەم دەستنیشان بکرێت، دواتر دەبێت چی بکەم؟ من توانای دابینکردنی تێچووەکانی چارەکردن و کڕینی دەرمانم نییە و کێشەی دیکەم زۆرن." واتە ئەوان لەبەر دەستکورتیی و گرفتەکانی دیکەی ژیانیان، لە گەورەیی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییە سەختەکان، ئاگەدار نین.

بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی خێزان و خانمان، ڕاشیگەیاند "ئێمە بۆ هاوکاریی ئەو ئافرەتانە و پاڵپشتییان بۆ بەشداریی لە پشکنینی پێشوەختە، لە هەواڵی دابینکردنی سەرچاوەی دارایین لە لایەن دامەزراوە و کەسایەتییە خێرخوازەکانەوە؛ بە خۆشحاڵییەوە ژمارەیەکی باش لەوانە ئامادەیی خۆیان بۆ پاڵپشتیی و هاوکاریی دەربڕیوە."

خاکڕەنگین، لە درێژەی قسەکانید گوتی: بە گوێرەی ئامارەکان، تا ئێستا 7 هەزار و 600 ئافرەتی سەرپەرشی خێزانە کەمداهاتەکان تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، لەوانە شێرپەنجە بوونە؛ بۆیە پێویستە بایەخێکی تایبەت بە  پاڵپشتیی خێزان و منداڵانی ئەم ئافرەتانەش بدەین. چونکە ئەم خێزانانە، پێویستیان بە خزمەتگوزاریی بەردەوام و گشتگیر هەیە. بایەخدان بەم توێژەی کۆمەڵگە و زیادکردنی هۆشیارییان سەبارەت بە نەخۆشییە تایبەتەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی کوالێتیی ژیانیان و بە دەستنیشانکردنی وردتر و کەمکردنەوەی باری دارایی و دەروونی سەر شانیان. 

بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی خێزان و خانمان، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئەم هەنگاوانە یارمەتیدەرن بۆ باشترکردنی کوالیتیی ژیانی ئەم ئافرەتانە و منداڵەکانیان و تەنانەت دابینکردنی تێچووی پشکنینەکانی وەک مامۆگرافی، سۆنەر ئێم ئاڕ ئای.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل