بازاڕی شەوانەی خێزانی لە ناوەندی شاری هەولێر کرایەوە
بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بازاڕی شەوانەی خێزانی لە ناوەندی شاری هەولێر کرایەوە. لە میانی رێوڕەسمەکەدا هەردوو بەرپرس جەختیان لە گرنگیی سەقامگیریی پایتەخت بۆ گەشەی ئابووری و رەخساندنی دەرفەتی کار کردەوە.
شەممە 21ـی شوباتی 2026، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و کاسبکارانە و هەموو تواناکانی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکات.
وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ئارامی و تەناهییەی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت هەیە، بووەتە هەوێن و زەمینەخۆشکەر بۆ کردنەوەی بازاڕی مۆدێرن و گەورەی لەم شێوەیە کە خزمەت بە کەرتی ئابووری و گەشتیاری دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە شارەوانی هەولێر کرد بۆ رێکخستنی ئەم بازاڕە و ڕایگەیاند، ئەم جۆرە پڕۆژانە مۆرکێکی جوان و تایبەت بە پایتەخت دەبەخشن، بەتایبەت لە شەوانی مانگی پیرۆزی رەمەزاندا کە جووڵەیەکی زۆری کۆمەڵایەتی و ئایینی لە شارەکەدا هەیە.
پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە کە ئەم بازاڕە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و کاسبکارانی شارەکە.
ئومێد خۆشناو داوای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران و کاسبکارانی بازاڕەکە کرد، کە هاوکاری تیمەکانی شارەوانی بن لە پاراستنی ژینگە و پاکوخاوێنیی بازاڕەکە، تاوەکوو هەولێر هەمیشە بە جوانی و ڕێکوپێکی بمێنێتەوە.
ئەم بازاڕە کە لە ناوەندی شاری هەولێر و لە نزیک قەڵای مێژوویی کراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت ببێتە جێگەی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان و گەشتیاران لە شەوانی داهاتوودا.