لە دهۆک 20%ـی کەیسەکانی دادگا پەیوەندییان بە خراپ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیاوە هەیە

ئامارە نوێیەکان لە پارێزگای دهۆک ئاماژە بەوە دەدەن، سەرەڕای کەمبوونەوەی تاوانەکانی وەک کوشتن و دزی، بەڵام سکاڵاکانی پەیوەست بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و سۆشیاڵ میدیا لە زیادبووندایە، بە جۆرێک کە ئێستا نزیکەی 20%ـی کۆی دۆسیەکانی دادگاکانی ئەو پارێزگایە پێکدەهێنن.

بەگوێرەی یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2008ـی پەرلەمانی کوردستان، تایبەتە بە "قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن"، سزای توند بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە، سۆشیاڵ میدیا بۆ مەبەستی ناوزڕاندن، هەڕەشە، یان بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەتی خەڵک بەکاردەهێنن.

نەوزاد سەعید، پارێزەر، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "سزای یاسایی بۆ ئەم تاوانانە بریتییە لە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە 6 مانگ کەمتر نەبێت و لە 5 ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامەکردنی تاوانبار بە بڕی یەک ملیۆن بۆ 5 ملیۆن دینار."

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک جەخت دەکاتەوە، بەشێکی زۆری ئەم کێشانە بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی پێویستەوەیە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیادا. پۆلیس داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەبری پەنابردن بۆ رێگەچارەی عەشایەری و کۆمەڵایەتی، راستەوخۆ پەنا بۆ یاسا بەرن.

هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک، دەڵێت: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین، هەر کاتێک تووشی کێشەیەکی لەم شێوەیە بوون، جا کچ بن یان کوڕ، ژن بن یان پیاو، با سەردانی بنکەکانی پۆلیس و دادگا بکەن بۆ ئەوەی کێشەکانیان بە رێگەی یاسایی چارەسەر بکرێت و تاوانباران سزای خۆیان وەربگرن."

زیادبوونی ئەم جۆرە دۆسیانە نیشانەی ئەوەیە کۆمەڵگە پێویستی بە هۆشیاریی زیاتری دیجیتاڵی هەیە. هەرچەندە تەکنەلۆژیا بۆ ئاسانکاری ژیانە، بەڵام لە دەستی هەندێک کەسدا بووەتە هۆی تێکدانی شیرازەی خێزان و نانەوەی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی، کە تەنیا بە سەروەری یاسا و هۆشیاری تاک کۆنترۆڵ دەکرێت.