سۆران؛ 21 شوانکار و 300 سەر ئاژەڵ لەنێو بەفر ڕزگارکران
دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە کوێستانەکانی لۆلان بەهۆی بەفر و سەرماوە گیریان خواردبوو، ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا تیمەکانی بەرگریی شارستانی سۆران ڕایانگەیاند؛ بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان توانییان کۆتایی بە ژیانی مەترسیداری گروپێکی شوانکار بهێنن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرگریی شارستانی سۆران، ڕزگارکراوەکان پێکهاتبوون لە 8 هاووڵاتی هەرێم و 13 هاووڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەگەڵ خۆیاندا 300 سەر ئاژەڵیان پێبووە. دوای ڕزگارکردنیان، ئێستا بەرەو قەزای سیدەکان بەڕێکەوتوون و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
دوێنێ یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران ڕایگەیاند: زیاتر لە پێنج تیم دەرچوون بۆ ڕزگارکردنی حەوت گەشتیار لە سنوری شارۆچکەی سیدەکان گیریان خواردبوو بەهۆی بەفر بارینێکی زۆر ، دوای هەشت کاتژمێر کارکردن و ڕۆیشتنی تیمەکانمان بەپیادە بەنێو بەفر دوو کاتژمێر و بەهاوکاریی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنورەکە توانرا گەشتیارەکان ڕزگار بکرێن و هاوشانی تیمەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ شارۆچکەی سیدەکان.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران، داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکات سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن، ئەمەش بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر مەترسی لەسەر شوفێران وسەرنشیان دروست دەکات.
لە ڕۆژی شەممەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی دووشەممەش ئەم شەپۆلە بەردەوامی دەبێت.
