لەهەولێر کورتەفیلمی "خۆشەویستی یان لیمۆرانس؟" بەرهەمهێنرا

لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانییاندا، کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر، بەشی سینەما و شانۆ، کورتە فیلمی "خۆشەویستیی یان لیمۆرانس؟" کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی ئاوات ئەسعەدە بەرهەمهێنا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، هونەرمەند دانا محەممەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەی فیلمەکە، دەربارەی بەرهەمهێنانی کورتەفیلمەکە، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: کورتەفیلمی "خۆشەویستی یان لیمۆرانس؟" لە سیناریۆ و دەرهێنانی ئاوات ئەسعەدە و لەنواندنی هەریەکە لە نوور عومەر و هێڤار عومەرە، خۆم خاوەنی پڕۆژەکەی فیلمەکەم و ڕەها محەممەد یاریدەدەری دەرهێنەرە و کەیوان بێستوون بەڕێوەبەری بەرهەمی کارەکەیە و محەممەد حەسەن و محەممەد عوسمان کاری ڕووناکی فیلمەکەیان کردووە، هەروەها لەلایەن ئاریان خۆشناو و تۆڵاز بۆکان کاری وێنەگرتنی کورتەفیلمەکەیان کردووە.

دانا محەممەد باس لە ناوەڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت: ناوەڕۆکی کورتەفیلمەکە تایبەتە بە ڕۆڵی سۆشیال میدیا لە ژیانی کۆمەڵگەدا و چیرۆکەکەی باس لە کچێکی گەنج دەکات، کە تەنیا فۆڵۆیەکی ئینستاگرام ڕایدەکێشێت بۆ ناو پەیوەندییەکی خۆشەویستی خەیاڵی و وای لێدێت خەیاڵ و واقیع تێکەڵ بێت.

جێگەی ئاماژەیە کورتەفیلمی "خۆشەویستی یان لیمۆرانس"، بەرهەمی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی هەولێرە و بڕیارە لەچوارچێوەی چالاکییەکانی کۆلێژ لە مانگی نیسانی 2026 لەهەولێر نمایش بکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل