بەفربارین ئاستەنگی هاتووچۆی لە سۆران دروست کردووە

بەهۆی شەپۆلێکی بەفربارینەوە، لە زۆربەی ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاستەنگی بۆ جووڵەی ئۆتۆمبێل و هاتووچۆی هاووڵاتییان دروست بووە، ئێستا سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی ڕێگاکانن.
هەڵگۆرد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24، ئاماژەی بەوە کرد،  بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە، زۆربەی ڕێگاکانی سنووری ئیدارەکەیان ئاستەنگی هاتووچۆی تێدا دروست بووە. 

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند: سەرجەم تیمەکانی ڕێگاوبان و شارەوانییەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و بەردەوامن لە ڕاماڵینی بەفر و پاککردنەوەی ڕێگاکان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا هاتوچۆ ئاسایی ببێتەوە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکاری تیمەکان بن و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان، تا کاتی کردنەوەی تەواوەتی ڕێگاکان گەشت نەکەن. 

جەختی لەوەش کردەوە کە مانەوەی هاووڵاتییان لە ماڵەکانیاندا و بەکارنەهێنانی ڕێگاکان دەبێتە هۆی ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت، ئەمەش دەرفەتێکی باشتر بۆ تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر دەڕەخسێنێت تا بتوانن بە خێرایی و بێ ئاستەنگ ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و کوێستانیی ناوچەکە، ساڵانە لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی شەپۆلی توندی بەفربارین دەبێتەوە، کە زۆرجار ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان قەزا و ناحیەکانی ئەو سنوورە و تەنانەت ڕێگای نێودەوڵەتیی هامڵتۆنیش دەگرێتەوە، ئەمەش وای کردووە تیمەکانی فریاگوزاری و ڕێگاوبان هەمیشە لە ئامادەباشیدا بن بۆ ڕێگریکردن لە پەککەوتنی هاتووچۆ.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل