پارێزگاری هەڵەبجە هۆشداریی دەداتە هاووڵاتیان
پارێزگاری هەڵەبجە ئاگاداری دانیشتووانی پارێزگاکە و گەشتیاران دەکاتەوە، بەهۆی پێشبینییەکانی نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ، پێویستە ڕێکارە خۆپارێزییەکان بگرنەبەر.
نوخشە ناسیح ئەحمەد، جەختی لەوە کردەوە کە ناوچە شاخاوییەکان و هەورامان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی سەخت دەبنەوە و سەرجەمتیمە خزمەتگوزارییەکان لە ئامادەباشیدان بۆ هاوکارییکردنی هاووڵاتیان.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، نوخشە ناسیح ئەحمەد، پارێزگاری هەڵەبجە، ڕاگەیەندراوێکی هۆشداریی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ڕاپۆرتەکانی کەشناسی، سبەینێ پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی زۆر نزم دادەبەزن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی تەمومژ و بەستەڵەک لە ڕێگاوبانەکاندا.
پارێزگاری هەڵەبجە داوای لە هاووڵاتیان کرد، بەتایبەت ئەوانەی لە ناوچەی هەورامان نیشتەجێن یان بەنیازی گەشتکردن بۆ ئەو ناوچانەن، پابەندی تەواوی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ، شارەوانی و بەرگری شارستانی بن بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانیان.
هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، هەموو یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان خراونەتە ئامادەباشی و وەک هەمیشە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفتێکی کتوپڕ.
پارێزگای هەڵەبجە و بەتایبەت ناوچەی هەورامان، بەهۆی هەڵکەوتە شاخاوییە سەختەکەی و بەرزیی ناوچەکە لە ئاستی ڕووی دەریاوە، لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی شەپۆلی توندی سەرما و بەفر و بەستەڵەک دەبنەوە، نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لەم ناوچەیەدا زۆرجار دەبێتە هۆی پەککەوتنی جووڵەی هاتووچۆ لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان و دروستبوونی مەترسی خلیسکان بۆ ئۆتۆمبێلەکان، ئەم هۆشدارییانەی پارێزگاری هەڵەبجە وەک هەنگاوێکی پێشوەختە دێن بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوە نەخوازراوەکان و ڕێکخستنەوەی کاری تیمەکانی فریاگوزاری لە کاتی گۆڕانکارییە توندەکانی کەشوهەوادا.
