شارەزایەک: بەفر بارین دەبێتە هۆی نەمانی نەخۆشییە ڕووەکییەکان

دیمەنی بەفر بارینی ئەمڕۆ لە هەولێر
دیمەنی بەفر بارینی ئەمڕۆ لە هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات، بارینی بەفر دەبێتە هۆی نەمانی نەخۆشییە ڕووەکییەکان و ڕێگری دەکات لە وشکبوونی زەوی.

دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، عومەر ڕواندزی، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەفر بارین جیا لەوەی دیمەنی جوان و سەرنجڕاکێشی هەیە، سوودی زۆری بۆ زەوی و ئاوی ژێر زەوی هەیە.

عومەر ڕواندزی گوتی: لە گرنگترین سوودەکانی بەفر دەبێتە هۆی ژیانەوەی ئاوی ژێر زەوی و لە وشکەساڵی دەپارێزێت، هەروەها دەتوانرێت ببێتە هۆی پەرەسەندی کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە و لە هەرێمی کوردستانیش گرنگی پێبدراوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لە ڕووی بایلۆجییەوە سوودی بۆ زەوی هەیە و ئەو زیندەوەرانەی لە نێو زەوی دەژین ڕێگری لەنێو چوونیان دەکات و دەبێتە ڕووپۆشێک بۆ زەوی و پارێزگاری لێدەکات، چونکە بەفر لە %90 لە هەوا دروست دەبێت.

ئەو شارەزایە جەخت لەوە دەکاتەوە، سوودەکانی بەفر بۆ ڕووەک یەکجار زۆرە و دەبێتە هۆی نەمانی نەخۆشییە ڕووەکیەکان.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە 12 کاتژمێری ڕابردوو لە شارەدێی هەڵشۆ زۆرترین بەفر باریوە کە 58 سم بووە، هەروەها شێروان مەزنیش 50 سم بەفر باریوە، بەڵام لە دهۆک کەمترین بەفر باریوە کە 1.3 سم بووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل