پوتن بۆ ترەمپ: پێداچوونەوە بە دانوستانەکانی ئاشتیدا دەکەین
کۆشکی کرملین ئاشکرای کرد، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەی پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆیدا دەکات لە دانوستانەکانی ئاشتی، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە هێرشێکی درۆنی ئۆکرانیا بۆ سەر یەکێک لە نشینگەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیا.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە، ئۆکرانیا تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و بە هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەی دیپلۆماسی وەسفیان دەکات.
یوری ئوشاکۆف، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی کرملین، ڕایگەیاند: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، هەردوو سەرۆک گفتوگۆیەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و تێیدا دۆناڵد ترەمپ و ڕاوێژکارە باڵاکانی پۆتینیان لە دوایین وردەکاریی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا ئاگادار کردووەتەوە.
پوتن لەو پەیوەندییەدا باسی لەوە کردووە کە 91 درۆنی ئۆکرانی نشینگەیەکی سەرۆکایەتییان لە باکووری ڕووسیا کردووەتە ئامانج، هەر بۆیە وڵاتەکەی ناچارە جارێکی دیکە هەڵوێستەکانی بۆ پرۆسەی ئاشتی دابڕێژێتەوە.
لە بەرانبەردا، ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بە توندی ئەم قسانەی ڕووسیای ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: مۆسکۆ بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ناڕاستە، دەیەوێت زەمینەسازی بکات بۆ هێرشکردنە سەر کیێڤ و تێکدانی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی کە لەگەڵ تیمی سەرۆک ترەمپ دەستیان پێکردووە.
