ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەداتەوە

عەلی شەمخانی
عەلی شەمخانی

عەلی شەمخانی، گەورە ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران، لە یەکەم کاردانەوەدا بەرانبەر بە هەڕەشە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: هێزی مووشەکی و بەرگریی وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵ ناکرێت و هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر تاران بە وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوە دەدرێتەوە کە لە سەرووی خەیاڵی داڕێژەرانی هێرشەکەدا دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، عەلی شەمخانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، توانای بەرگریی ئێران بابەتێک نییە ڕێگە بدرێت سنووردار بکرێت.

 ئەم لێدوانەی شەمخانی دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاتی پێشوازیکردن لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ویلایەتی فلۆریدا، هۆشداریی توندی دایە ئێران لە دووبارە چالاککردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

 ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو، لە هێرشەکانی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا بنکەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانیان بە تەواوی وێران کردووە، بەڵام ئەگەر تاران هەوڵی بونیاتنانەوەیان بدات، ئەوا بە هێزێکی زۆر گەورەتر لێیان دەدەن و تێکیان دەشکێنن.
گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ساڵی 2025دا گەیشتە لوتکە، بەتایبەت دوای ئەو جەنگە 12 ڕۆژەی کە لە نێوان هەردوولادا ڕوویدا و ئەمەریکا و ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکان، سەرەڕای ئەوەی ئێران دەڵێت پیتاندنی یۆرانیۆمی ڕاگرتووە و ئامادەی دانوستانە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام نیگەرانی خۆیان لە بونیاتنانەوەی کۆگای مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران دەردەبڕن.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل