ترەمپ هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەڕەشەی پشتگیریکردنی هێرشێکی سەربازیی خێرای بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ بونیاتنانەوەی توانای ئەتۆمیی، هاوکات داوای لە بزووتنەوەی حەماس کرد بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە غەززە پێویستە چەکەکانیان دابنێن.

ئەمڕۆ دووشەممە 29/12/2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە مارالاگۆی ویلایەتی فلۆریدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، زانیارییان پێگەیشتووە ئێران هەوڵی سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی بنکە ئەتۆمییەکانی دەدات.

 ترەمپ جەختی کردەوە، ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوا جارێکی دیکە گورزی توندیان لێ دەوەشێنین و داوای لە تاران کرد پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت، بگەنە ڕێککەوتنێکی نوێ.

سەبارەت بە دۆخی غەززە، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: پێویستە حەماس دەستبەرداری چەکەکانی ببێت و هیوای خواست بە خێرایی بگەینە قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتی. 

ترەمپ بەڵێنی دا، پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بەم زووانە دەستپێدەکات و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی دوایین بارمتەکان، هاوکات لەسەر ئاستی ناوچەکە، ترەمپ ئارەزووی خۆی نیشان دا بۆ باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا و ڕایگەیاند: لەگەڵ ناتانیاهۆ باسی دۆخی تورکیاش دەکات، ترەمپ ئاشکرای کرد کە پێنج تەوەری سەرەکییان بۆ گفتوگۆ هەیە و توانیویانە لە پێنج خولەکی سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سێ کێشەی گەورە چارەسەر بکەن.
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتووەتە لوتکە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەردەوامن. 

لە لایەکی دیکەوە، شەڕی غەززە و دۆخی بارمتەکان وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسێیەکانی بەردەم ئیدارەی نوێی ئەمەریکا ماوەتەوە، سیاسەتی ترەمپ لەسەر بنەمای گوشاری زۆرترین بۆ سەر ئێران و هاوسەنگییەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسوڕێتەوە، کە تێیدا هەوڵ دەدرێت ئیسرائیل وەک جەمسەرێکی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هاوئاهەنگ بکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل