قەڵای هەولێر لە پشووەکانی سەری ساڵدا بە ڕووی گەشتیاراندا دادەخرێت
کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای مێژوویی هەولێر بەردەوامییان هەیە و بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و گەشتیاران، بڕیار دراوە لە ڕۆژانی پشووی سەری ساڵدا دەرگای قەڵاکە بە داخراوی بمێنێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، دکتۆر یادگار ئەرگوشی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر، لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: "لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و دووربوون لە هەر مەترسییەکی داڕمان لە کاتی کارکردندا، تاوەکو پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە بە تەواوی کۆتایی نەیەت، دەرگاکان بە ڕووی گەشتیاراندا ناکەینەوە."
سەرۆکی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد؛ لە ئێستادا ناتوانن دەرگای قەڵاکە بۆ هەموو گەشتیارێک بکەنەوە، تەنیا ئەو گرووپانە نەبێت کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو سەردان دەکەن، وەک قوتابیان یان ئەو گەشتیارانەی لە ڕێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە دێن. هۆکاری سەرەکیی ئەم سنووردارکردنەش بۆ بوونی مەترسیی لە هەندێک شوێنی قەڵاکە دەگەڕێتەوە کە لە قۆناغی چاکسازیدان.
قەڵای هەولێر کە یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارە نیشتەجێبووەکانی جیهان، لە ساڵی 2014دا بە فەرمی خرایە ناو لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی ڕێکخراوی "یونسکۆ"، لەو کاتەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بایەخێکی تایبەت بە نۆژەنکردنەوە و پاراستنی ڕەسەنایەتیی قەڵاکە دەدات.
