شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات
بەگوێرەی دوایین پێشبینییەکانی کەشناسی کە ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوبووەتەوە، هەرێمی کوردستان لە دوو ڕۆژی کۆتایی ساڵی 2025دا، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین دەبێتەوە.
پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو:
ئەمڕۆ سێشەممە (30-12-2025):
ئاسمان بەگشتی ساماڵ و سارد دەبێت. لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت و ئەگەری دروستبوونی شەختە و بەستن لە کاتەکانی شەودا هەیە. پلەکانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان بۆ ژێر سفر پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە. خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت (5 - 15) کم/کاتژمێر و ئاراستەی باکووری ڕۆژهەڵات دەبێت. مەودای بینین لەنێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت.
سبەی چوارشەممە (31-12-2025):
کەشوهەوا سارد و نیمچەهەور دەبێت. دوای نیوەڕۆ، شەپۆلێکی بەفربارین بەشێک لەم ناوچانە دەگرێتەوە: سنووری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ، مێرگەسۆر، ئامێدی، سنووری ئیدارەی سۆران، بەشێک لە ئیدارەی ڕاپەڕین و چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر. پێشبینی دەکرێت بڕی بەفری داباریو لەنێوان (5 - 10) سانتیمەتر بێت. لەگەڵ زیادبوونی کاریگەریی شەپۆلەکە، ئەگەری نمەبارانی تێکەڵ بە بەفر لەسەر ناوچەی جیاجیا هەیە.
خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت (10 - 15) کم/کاتژمێر و ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا دەبێت. پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە کەمێک بەرز دەبنەوە، بەڵام لەو ناوچانەی دەکەونە ژێر کاریگەریی شەپۆلی بەفرەکەوە، نزم دەبنەوە. مەودای بینین لەنێوان 7 بۆ 9 کیلۆمەتردا دەبێت و لە کاتی بەفرباریندا بۆ کەمتر لە 1 کیلۆمەتر کەم دەکات.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو (بە پلەی سیلیزی):
- هەولێر: 7
- سلێمانی: 5
- دهۆک: 3
- زاخۆ: 4
- هەڵەبجە: 5
- گەرمیان: 9
